عێراقکوردستان

پێشمەرگەی سلێمانی پەیامێکی ناڕەزایەتی بۆ یانەی نەورۆز دەنێرێت

یاریگا-

دوای وەستانی مەشقەکانی یانەی نەورۆز بۆ ماوەیەک بەهۆی بارودۆخی یانەکە، سێ ڕۆژە نوێنەرەکەی شاری سلێمانی ئامادەکاریەکانی دەست پێکردۆتەوە بۆ خولی نایابی عێڕاق و (وەلی کەریم)ـی ڕاهێنەری یانەکەش گەڕایەوە بۆ مەشق پێدانەوەی تیپەکە کەماوەیەک لەمەوبەر دەستی لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی نەورۆز هەڵگرتبوو بەهۆی ئەو ناجێگیریەی کە یانەکە پێدا تێپەڕ دەبوو.

نەورۆز لە هەوڵدایە چەندیاریزانێکی دیاری کوردستان بباتە ڕیزەکانیەوە بۆ ئەوەی بەبەهێزیەوە بەشداری وەرزی نوێی خولی نایابی عێڕاق بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش لە تازەترین گرێبەستەکانیدا هەرسێ یاریزان ( دیارعەلی ، ئاسۆ ڕۆستەم ، مەحەمەدسامی ) دوێنێ ئێوارە پەیوەندیان بە مەشقی یانەی نەورۆز کردووە.

گرێبەستی ئەم سێ یاریزانە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بەپێی ئەوەی هەرسێ یاریزان پێشووتر گرێبەستیان لەگەڵ یانەی تر واژۆکردووە.

ئاسۆ ڕۆستەم بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و دیارعەلی بۆ یانەی برایەتی و مەحەمەد سامی بۆیانەی پێشمەرگەی هەولێر گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بەمەبەستی یاریکردن لە خولی نایابی کوردستان.

بەڵام نەورۆز بێ ئاگادارکردنەوەی یانەکانیان هەرسێ یاریزانی بردۆتە تیپەکەی و دوێنێ ئێوارەش لە مەشقەکانی ئەویانەیە بینراون، پێشمەرگەی سلێمانی کەماوەیەک لەمەوبەر بەفەرمی گرێبەستی ئاسۆڕۆستەمی ڕاگەیاندبوو لە ڕاگەینراوێکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فیس بووک ڕەخنە ئاڕاستەی ئاسۆ و یانەی نەورۆز دەکەن بەهۆی ئەوەی بێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی وەرزشی و گەڕانەوە بۆ ئەوان نەورۆز ژێربەژێر لەگەڵ ئاسۆ ڕێککەوتووە.

لە بەشێک لە بەیاننامەکەی پێشمەرگەدا هاتووە و دەڵێت ( ئاسۆ ڕۆستەم بەڕەزامەندی خۆی لە 31/8/2021 گرێبەستی لەگەڵ ئێمە واژۆکردووە و بەشداری یاریە دۆستانەکانیشی کردووە لەگەڵ یانەکەمان.

ئاسۆ دەبوو وەک سەرجەم یاریزانان دوێنێ ئێوارە لەمەشقەکان ئامادەبوایە، بەڵام یاریزانی ناوبراو بەبێ گەڕانەوە بۆ یانەکەمان پەیوەندی بە یانەی نەورۆز کردووە. بەر لە هەمووشتێک ڕووی گلەییمان لە دەستەی کارگێڕی یانەی نەورۆزە کە بەبێ گەڕانەوە و ئاگادار کردنەوەمان گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک دەکەن کەوا گرێبەستی لەگەڵ یانەیەکی ترهەیە و مەشق و ڕاهێنان و یاری دۆستانەی تێدا ئەنجامداوە.

لە ماوەی ڕابردوو هەوڵدراوە کە چەند یاریزانێکی تری یانەکەمان کە گرێبەستیان لەگەڵ ئێمەهەیە ڕازی بکرێن پەیوەندی بەیانەی نەورۆزەوە بکەن ، ئێمە وەک یانەی پێشمەرگەی سلێمانی نیگەرانی تەواوی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر یاریزانی ناوبراو و یانەی نەورۆز ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دوورن لە هەموو بەهایەکی بەرزی وەرزشی، بەو ئومێدەین بەبڕیارێکی درووستی وەرزشی لەلایەن یانەی نەورۆزەوە نیگەرانیەکانی ئێمە بڕەوێنێتەوە تاوەکو نەبێتە هۆی ڕاگرتنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەویانەیە).

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هەردوویانەی برایەتی و پێشمەرگەی هەولێریش هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر یانەی نەورۆز لە پای گرێبەست کردن لەگەڵ یاریزانەکانیان لەلایەن یانەی نەورۆزەوە.
خولی نایابی عێڕاق بۆ وەرزی نوێی 2021 _ 2022 لە ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە بڕیارە دەست پێبکات و یانەی نەورۆزیش بۆ یەکەمجار لە مێژوو بەشداری لە خولەکە دەکات و بڕیاریشە چوار یاریزانی پیشەگەریش بهێنێتە ڕیزەکانی.

بابەتی زیاتر

Back to top button