ئیتاڵیائینگلتەراگرنگترین

“بۆشاییەک تا ئەمڕۆ لە رۆحم دایە”

ئادریانۆ ئەستێرەی پێشووی بەڕازیل و ئینتەرمیلان دەڵێت خۆشەویستییەکی دانەبڕاوی هەیە بۆ ئینتەر پاش تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر جێهێشتنی ئەو یانەیە.

نێرازوری بوونە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵی و ئادریانۆش قسەی و ستایشی زۆری پێیە بۆ ئەو یانەیە. ناوبراو بە درێژی باسی دارووخانەکەی و خۆشەویستی خۆی بۆ ئینتەر کرد و وتی “تا ئەمڕۆش ئینتەر یانەی یەکەمی منە، یانەکانی فلامینگۆ، ساو پاولۆ و کۆرینتیانزم خۆشدەوێت بەڵام ئینتەر شوێنێکی تایبەتی هەیە لە دڵم دا”.

“ئینتەر باشترینە، بۆ کوڕە هەژارێکی وەک من وەکو ئیمپڕاتۆر و پادشا سەیریان دەکردم تەنانەت بەر لەوەی شتێکی ئەوتۆیان بۆ بکەن. شێتانە بوو،بیرمە خێزانەکەم لە ریۆ وە هاتن سەردانم بکەن، جا کە دەڵێم خێزان بە شێوازە بەڕازیلییەکە دەیڵێم نەک تەنها دایک و باوکم بوو. ئەوان ٤٤ کەس بوون لە ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا و خاڵ و مام! تەواوی گەڕەکە کە لەنێو فڕۆکە کەدابوون. کاتێک هەواڵەکە گەیشت بە بەڕێز مۆراتی (سەرۆکی ئەوسای ئینتەر) وتبووی ئەمە ساتێکی تایبەتە بۆ ئەو کوڕە، پاسێکیان بۆ تەرخان بکەن و گەشتێکی ئیتاڵیا و یانەکەیان پێبکەن. دەتوانی وێنای ٤٤ بەڕازیلی بکەیت بەیەکەوە لە پاسێکدا لە ئیتاڵیا؟ هاهاها دیمەنێکی سەیر بوو. هەربۆیە هەرگیز یەک ووشەی خراپ لەسەر بەڕێز مۆراتی ناڵێم، هەموو یانەیەک دەبێت بەو جۆرە بێت و گرنگی بدەن وەکو مرۆڤێک بە کارمەند و یاریزانەکان”.

دواتر ئادریانۆ باسی داڕووخانە گەورەکەی کرد و وتی “هەندێک جار هەست دەکەم هیچ یاریزانێک هێندەی من بە هەڵە لێی تێنەگەشتوون لە سەر سەوزی، خەڵکی نازانن چی روویدا و چیرۆکەکەی من بە هەڵە دەگێڕنەوە لە کاتێکدا زۆر سادەیە. لە نۆ رۆژدا من لە دڵخۆشترین ساتەکانی ژیانمەوە گۆڕام بۆ خراپترینی تەمەنم. لە بەهەشتەوە نێردرام بۆ دۆزەخ. هەرچەند نامەوێت باسی بکەم بەڵام پێت دەڵێم  کاتێک باوکم کۆچی دوایی کرد دوای ئەو رۆژە خۆشەویستی من بۆ تۆپی پێ هەرگیز وەک خۆی لێنەهاتەوە. ئەو یارییەکەی خۆشدەویست بۆیە منیش خۆشمدەویست. کاتێک یاریم دەکرد یاریم بۆ خێزانەکەم دەکرد، کاتێک گۆڵم تۆماردەکرد بۆ خێزانەکەم بوو، دوای ئەوە بەجۆرێک دڵتەنگ بووم تەنها دەمویست بڕۆمەوە بەڕازیل، پەیوەندی بە ئینتەرەوە نەبوو بەڵکو نەمدەویست مەشقیش بکەم. کاتێک باوکم مرد تۆپی پێ وەک خۆی لێنەهاتەوە بۆمن. هەندێک پێکان جەستەیی نین، لە ٢٠١١ کاتێک تووشی پێکانێکی سەختی ئەژنۆ هاتم زانیم بۆ من تۆپی پێ کۆتایی هات چونکە دەتوانیت پێکانی جەستەیی بە مەشق و چارەسەر چاکبکەیتەوە بەڵام هەرگیز وەک خۆت لێنایەتەوە، من دوای ئەوە دوو بۆشایم بۆ دروست بوو، یەکیان لە ئەژنۆم و ئەوی دیکەیان لە رۆحم دا.”.

ئادریانۆ دووبارە سوپاسی مۆراتی کرد کە سەرەڕای گرێبەست رێگەی داوە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و یاری بۆ ئینتەرنەکات. هەروەها رەتیشی کردەوە هیچ جۆرە مادەیەکی بێهۆشکەری بەکارهێنابێت بەڵام دانی بەوەدا نا بە تەواوی ئالوودەی خواردنەوە کحولییەکان بوبوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button