گرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

لە رەخنەوە بۆ ستایش؛ تیێری هێنری تۆنی قسەکردنی بەرامبەر رۆناڵدۆ دەگۆڕێت

کڵاوی رێز

Yariga App

یاریگا –

لە وەرچەرخانێکی بەرچاودا، ئەفسانە و شرۆڤەکاری تۆپی پێی فەرەنسی، تیێری هێنری ستایشی گەورەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کرد، تەنیا رۆژێک دوای رەخنەگرتن لە ئاستی هێرشبەرە 41 ساڵانەکە لە یەکسانبوونەکەی 1-1ـی پۆرتوگال بەرامبەر کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026.

هێنری پێشتر لەسەر کەناڵی Fox Sports رەخنەی توندی لە رۆناڵدۆ گرتبوو بەهۆی ئەوەی کە وەکوو یاریکردنێکی خۆپەرستانە دەیبینی. ئەو تیشکی خستە سەر ساتێک کە تێیدا جووڵەکەی رۆناڵدۆ رێگری لە دەرفەتێکی باشتر بۆ برۆنۆ فێرناندێش کردووە و گوتی:

شتێکی گرنگ هەیە؛ پێویستە تیمەکە گۆڵ بکات، نەوەکوو تۆ. لە یەکێک لە هێرشەکاندا، لەبەر ئەوەی خۆی دەیەوێت گۆڵ بکات، دەچێتە بەردەم رێڕەوی برونۆ فێرناندێش.

هێنری هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە براوەی 5 خەڵاتی تۆپی زێڕین لە شێوازی یاریکردنیدا زۆر تاکڕەوانە رەفتار دەکات.

گۆڕینی هەڵوێست

بەڵام رۆژی هەینی، یاریزانەکەی پێشووی فەرەنسا هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرامبەر ئەستێرە پۆرتوگالییەکە نواند. لە کاتی قسەکردنی لەسەر ئەو مشتومڕەی لە دەوری گەورەترین ناوەکانی تۆپی پێ هەیە گوتی:

کاتێک باسی میراتییەکەی دەکەین، خەڵکانێکی زۆر ناتوانن باسی میراتییەکەی بکەن. چونکە خەڵکانی زۆر ناتوانن لە ئاستی ئەو بن. دوێنیش گوتم، پێویستە چێژ لە گەورەکان وەربگرین نەوەکوو جیایان بکەینەوە، ئەمە شتێکە من جەختم لەسەر کردووەتەوە. بەڵام ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە ئێستا پێویستە چی بکات، هیچ پەیوەندییەکی بە میراتییەکەیەوە نییە. ئەگەر کەسێک لیۆنێل مێسی خۆش بووێت، مانای ئەوە نییە رقی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، یان بە پێچەوانەوە.

ئەم لێدوانانە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە رەخنەکانی پێشووی هێنری نیشان دەدەن. تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، پەیامی هێنری سەبارەت بە رۆناڵدۆ بە شێوەیەکی دراماتیکی گۆڕا، لە پرسیارخستنەسەر کاریگەریی ئەو لەسەر تیمەکەوە بۆ وەسفکردنی وەکوو سەرمایەیەک و چارەسەرێک بۆ پۆرتوگال.

ئاسکە رەشەکەی فەڕەنسا لە درێژەی قسەکانیشدا گوتی:

ئەگەر سەیری دوێنێ بکەین، زۆر کەس باسیان لە لیۆنێل مێسی دەکرد وەکوو چارەسەرێک، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پێشنیاری ئەوەیان دەکرد کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکرێت بۆ پۆرتوگال کێشە بێت. کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەرگیز نابێتە کێشە بۆ تیمێک. ئەو چارەسەرەکەیە. بەرپرسیارییەتی ستافی راهێنەران و تیمەکە ئەوەیە کە بیکەنە چارەسەرێکی گەورەتر و کاریگەرتر.

هێنری لە کۆتایی قسەکانیشیدا گوتی:

سەیری جەستەی بکەن، سەیرکەن چۆن بیردەکاتەوە، سەیرکەن چۆن رەفتار دەکات، پیاوێکی خێزانییە و سەیرکەن نوێنەرایەتیی چی دەکات. کە تۆ بتوانیت لەم تەمەنەدا هێشتا یاری بکەیت و گۆڵ بکەیت، ئێمە لە فەڕەنسا دەڵێین Chapeau bas (کڵاوی رێز).

بارودۆخی یارییەکە

پۆرتوگال لە رێگەی جواو نێڤێش هەر زوو پێشکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەم گۆڵی یەکسانبوونەوەی لەلایەن یۆوان ویساوە لێکرا. رۆناڵدۆ، کە لە تەمەنی 41 ساڵیدا بەشداریی شەشەم مۆندیالی کرد، کاریگەرییەکەی سنووردار بوو و هیچ لێدانێکی بۆ گۆڵ لە یارییەکەدا نەبوو، ئەمەش مشتومڕی لەسەر رۆڵی ئەو لەنێو پێکهاتەی ئێستادا زیاتر کرد.

Back to top button