یاریگا

مۆرینهۆ: ئەگەر لای یاریزانەکانم ئەوە یارییەکی گرنگ نەبوو، لای من هەموو یاریەک گرنگە!

یاریگا- جۆزێ مۆرینهۆ نیگەرانییەکانی خۆی نەشاردەوە لە یاریزانەکانی دوای شکستە چاوەڕواننەکراوەکەیان و کرانە دەرەوەیان لە یۆرۆپالیگ لەسەر دەستی دینامۆ زەگرەب.

تۆتنهام نەیتوانی سوود لە بردنەوەی دوو گۆڵی بێ وەڵامی نێو یاریگای خۆی ببینێت و لە یاری گەڕانەوەدا یانە کرواتیەکە بە سێ گۆڵی خاوێن لێی بردەوە.

دواتر لە چاوپێکەوتنی ڕۆژناموانیدا مۆرینهۆ بە نیگەرانییەوە باسی لەسەر لایەنە جیاوازەکان کرد و گوتی: “لە 90 خولەکەکە و نیوەی یەکەمی کاتی زیادکراو، تەنها یەک تیم بوو کە بڕیاری دابوو هەموو شتێک لەنێو یاریگاکە بە جێ بهێڵێت. ئەوان بوون ئارەقیان تێدا بە جێ هێشت، وزەی خۆیان تێدا بە جێ هێشت و خوێنیشیان بە جێ هێشت. لە کۆتایی یارییەکەشدا فرمێسکی شادییان جێ هێشت. تیمێکی زۆر سادە و خاکی، زۆر پابەند و پێویستە ستایشیان بکەم. لەولاشەوە تیمەکەی، دووبارەی دەکەمەوە تیمەکەی من.. وایان پیشان نەدەدا کە یارییەکی گرنگ ئەنجام دەدەن. ئەگەر بۆ هەر کام لە یاریزانەکانی یانەکەم ئەم یارییە گرنگ نەبووبێت، ئەوا بۆ من گرنگە. گرنگە بۆ ئەو ڕێزەی بۆ کار و پیشەکەی خۆم هەمە. هەموو یارییەک گرنگە لای من.”

وتیشی: “بۆیە زیاتر لە زۆر دڵتەنگم و ئاوایە. تۆپی پێ ئەوە نییە کە یاریزان وا بیر بکاتەوە کواڵتی لەوانیتر زیاترە. بنەمای تۆپی پێ زۆر لەوە زیاتر دەڕوات. بنەمای تۆپی پێ کردەوەیە و ئەوانیش هەر بە کردەوە ئێمەیان بەزاند. پێش یارییەکە و لەنێوان گێمەکان و تەنانەت لە کاتی 0-0 یاریزانەکانم لە مەترسیەکانی کردەوەی خراپ ئاگەدار کردەوە. مەترسیەکانی ئەو شێوازەی یارییان دەکرد، ئاگەدارم کردنەوە. ئەوە بوو هەر ڕوویشی دا و، چونکە باوەڕم وایە یاریزانەکانم تەنها کاتێک بۆیان دەرکەوت یارییەکە مەترسیدایە کاتێک ئەوان گۆڵی دووەمیان تۆمار کرد و بەرە و گێمی زیادکراو ڕۆشتین.”

یۆرۆپالیگ هیوایەکی گەورە بوو بۆ سپێرس بۆ بەشداری کردن لەو ڕێگەیەوە لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو. بەوپێەی کە ڕکابەرییەکای پریمەرلیگ بۆ دەستخستنی بلیتی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە ئێجگار سەخت بووە و کوڕانی مۆرینهۆش کە هەشتەمی ڕیزبەندییەکەن، بە جیاوازی 6 خاڵ لە چێڵسی پلەی چوارەمەوە دوورن.

بابەتی زیاتر

Back to top button