ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیال

مۆندیال بۆ فرۆشتنە؛ جیانی ئینفانتینۆ دەیەوێت پشکەکانی جامی جیهانی بە وەبەرهێنەرانی تایبەت بفرۆشێت

پلانەکەی ئینفانتینۆ بۆ قازانجکردنی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ خودی خۆی

Yariga App

یاریگا –

 جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، دەیەوێت لە رێگەی پلانێکی نوێوە پشکەکانی جامی جیهانی بە وەبەرهێنەرانی تایبەت بفرۆشێت؛ پلانێک کە دەکرێت داهاتێکی خەیاڵی کە بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت بۆ خودی خۆی دابین بکات.

رۆژنامەی تایمز  ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە، راپۆرتێکی تێروتەسەلی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، فیفا خەریکە پێشنیارێک بۆ فرۆشتنی پشکە کەمینەکانی مافە بازرگانییەکانی جامی جیهانی و جامی جیهانیی یانەکان بە وەبەرهێنەرانی تایبەت تاوتوێ دەکات.

بەپێی ئەم پلانە، کۆمپانیایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرنگترین پاڵەوانێتییەکانی پیاوان و ژنان لە فیفا دادەمەزرێت، کە ئەوانیش بریتین لە ‘جامی جیهانی و ‘جامی جیهانیی یانەکان’.

ئەم هەنگاوە لەوانەیە فشار دروست بکات بۆ ئەوەی ئەم دوو پاڵەوانێتییە زیاتر فراوان بکرێن یان لەوە زووتر و بە شێوازێکی چرتر بکرێن، نەک تەنیا هەر چوار ساڵ جارێک وەکوو ئێستا.

پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە نزیکەکانی کارگێڕیی ترەمپ
دوو سەرچاوە کە ئاگاداری دانوستانەکانن ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەگەڵ کەسایەتییە نزیکەکانی کارگێڕیی دۆناڵد ترەمپدا ئەم پلانە باس کراوە.

هەروەها سەرچاوەکانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە “جۆشوا کوشنەر، براکەی جارید کوشنەری زاوای ترەمپ وەکوو وەبەرهێنەری سەرەکیی سەرنجڕاکێش دەبینرێت، لەگەڵ بانکی ناسراوی J.P. Morgan.

پشکی یەکێتییەکان و داهاتە خەیاڵییەکەی ئینفانتینۆ
لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا، پشکێک بە 211 ئەندامەکەی فیفا دەدرێت کە لەوانەیە بەهای هەر یەکێکیان دەوروبەری 20 ملیۆن دۆلار بێت و دەتوانن بیانپارێزن یان بیفرۆشن بۆ ئەوەی داهات بۆ خۆیان پەیدا بکەن.

سەرچاوەکان دەڵێن کە ئینفانتینۆ ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی دوای کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتییەکەی کە بڕیارە تاوەکوو ساڵی 2031 بێ کێبڕکێ هەڵبژێردرێتەوە، وەکوو بەرپرسی باڵای ئەو کۆمپانیا نوێیە دەستبەکار ببێت.

مووچەی ئەو پۆستە لەوانەیە هاوشێوەی خولی تۆپی پێی ئەمریکی بێت، کە سەرۆکەکەی ساڵانە نزیکەی 64 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت؛ واتە دەئەوەندەی مووچە و پاداشتی ئێستای ئینفانتینۆ.

تۆپی پێ لە بەردەم بۆمبێکی ئەتۆمیدا
فیفا رێکخراوێکی قازانجنەویستە و بەفەرمی موڵکی ئەو 211 یەکێتییەیە کە ئەندامن تێیدا و لە سویسرا پێگەی ئەوەی هەیە باج نەدات.

داهاتی فیفا بۆ خولی 2022-2026  بە 15 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت کە زۆرینەی لە مافەکانی تەلەڤیزیۆن، سپۆنسەر و فرۆشتنی بلیتی مۆندیالی پیاوانی ئەم هاوینە دێت.

ئەمە وا دەکات پاڵەوانێتییەکە سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەبەرهێنەرانی تایبەت بە مەبەستی گەورەکردنی قازانجەکان. پێشتر ئینفانتینۆ لەم مانگەدا رایگەیاندبوو کە پێشنیارێکی ئەمریکای باشوور بۆ فراوانکردنی جامی جیهانی بۆ 64 تیم بەدڵنیاییەوە تاوتوێ دەکرێت.

سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی تۆپی پێ ئەم پلانە بە بۆمبێکی ئەتۆمی بۆ سەر جیهانی تۆپی پێ دەزانن. بەپێی نەخشەکە، فیفا زۆرینەی پشکەکانی کۆمپانیاکە دەپارێزێت، بەڵام وەبەرهێنەرانی تایبەت 20 بۆ 30 لەسەدی پشکەکان بە ملیاران دۆلار دەکرین و ئەندامەکانیش پشکی بچووک دەبەنەوە.

هەوڵەکانی پێشووی ئینفانتینۆ و نیگەرانییە گەورەکان
ئەمە یەکەم جار نییە ئینفانتینۆ هەوڵ بدات وەبەرهێنەری تایبەت بهێنێتە نێو پاڵەوانێتییەکانی فیفاوە؛ لە ساڵی 2018 رێککەوتنێکی 25 ملیار دۆلاری لەگەڵ بانکی ژاپۆنی سۆفبتشک و سندووقی سامانی سعوودیە شکستىهێنا.

ئەگەر ئەم پلانە سەرکەوتوو بێت، نیگەرانییەکان ئەوەندەی دیکە زەق دەبنەوە کە وەبەرهێنەرانی تایبەت فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی مۆندیال لەو وڵاتانە بێت کە قازانجی بازرگانیی زۆرتر دەهێنن، یان جامی جیهانیی یانەکان ببرێتە کەنداو کە بە ناچاری خولی ناوخۆیی ئەوروپا رادەگرێت بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە.

یەکێک لە شارەزایانی تۆپی پێ بە نیگەرانییەو بە رۆژنامە ئەمریکییەکەی گوتووە؛

ئەمە لە سوپەرلیگی ئەوروپیش خراپترە، چونكە کاریگەری لەسەر هەموو جیهانی تۆپی پێ دەبێت.

 

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button