ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

گفتوگۆی زارەکی کراوە؛ ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بەڕازیلی لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە

یانەکەی رەتی دەکاتەوە ئۆفەری فەرمییان پێ گەیشتبێت

Yariga App

یاریگا –

ئارسیناڵ لە دانوستاندنی پێشکەوتوودایە لەگەڵ نیوکاسڵ یونایتد دەربارەی واژۆکردنی گرێبەستی برونۆ گیمارایش.

سەرەڕای ئەوەی نیوکاسڵ رەتی کردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکی فەرمیی پێ گەیشتبێت، تۆک سپۆرت زانیویەتی کە هەردوو یانەکە لە رێگەی گفتوگۆی زارەکییەوە لەسەر رێککەوتنێک بە بەهای زیاتر لە 75 ملیۆن پاوەند پێشکەوتنیان بەدەست هێناوە. ئارسیناڵ کاپتنەکەی نیوکاسڵی کردووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گواستنەوەی و هیواداریشە پێش کۆتاییی مانگ رێککەوتنێک تەواو بکات.

لە سەرەتای ئەم مانگە، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە گیمارایش پێشتر لەسەر مەرجە کەسییەکان لەگەڵ ئارسیناڵدا رێک کەوتووە. نیوکاسڵ لە دەنگۆ بەردەوامەکانی دەوری داهاتووی ناوەڕاستکارە بێزار بووە و تووشی سەرسوڕمان بووە لەوەی ئارسیناڵ تاوەکوو ئێستا ئۆفەرێکی نووسراوی فەرمیی پێشکەش نەکردووە.

بەڵام سەرچاوەکانی ئارسیناڵ بە پێگەکەیان راگەیاندووە کە یانەکە پێشتر سێ ئۆفەری زارەکیی پێشکەش کردووە. وادەردەکەوێت هەردوو یانە دیدگای جیاوازیان هەبێت لەسەر ئەوەی چی وەکوو ئۆفەرێکی فەرمی هەژمار دەکرێت، ئەوەش تاوەکوو رادەیەک بەهۆی ئەوەی گفتوگۆکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە کراون.

برونۆ گیمارایش، ناوەڕاستکاری بەڕازیل

نیوکاسڵ دوودڵە لە لەدەستدانی یاریزانێکی دیکەی سەرەکی

نیوکاسڵ زۆر ئارەزووی فرۆشتنی گیمارایش ناکات، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەم هاوینە دوو یاریزانی گرنگی لەدەستداوە.

ئانتۆنی گۆردن لە رێککەوتنێکدا بە بەهای 70 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، لە کاتێکدا ساندڕۆ تۆنالی گواستنەوەی بۆ تۆتنهام تەواو کرد لە پاکێجێکدا کە بەهایەکەی نزیکەی 100 ملیۆن پاوەندە. ئەگەر گیمارایش بە هەمان شێوە یانەکە جێبهێڵێت، نیوکاسڵ دوو یاریزان لە سێ یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی لەدەست دەدات کە وەرزی رابردوو بە بەردەوامی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوون.

یانەکە هێڵی ناوەڕاستی خۆی بە واژۆکردنی گرێبەستی شۆن ستیور لە ئەیاکس و ئالادی بامبا لە مۆناکۆوە بەهێز کردووە. هێشتا دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی گێمارایش ماوە، بەو مانایەی نیوکاسڵ بۆ فرۆشتنی لەژێر هیچ فشارێکدا نییە.

ئێدی هاو لە داهاتووی گیمارایش دڵنیا نییە

دوای یەکسانبوونەکەی 1-1ی نیوکاسڵ بەرامبەر گەیتسهێد لە رۆژی شەممە، دەربارەی داهاتووی کاپتنەکەی پرسیار لە ئێدی هاوی راهێنەری کرا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی:

پێش جامی جیهانی، لە کاتی جامی جیهانی و دوای جامی جیهانیش قسەم لەگەڵ برونۆ کردووە. ئێمە چەندین گفتوگۆی زۆر باشمان هەبووە، ئەو بەڕاستی کەسێکی سەرسوڕهێنەرە. نازانم داهاتووی چی بەسەر دێت؛ ئەوە بۆ کەسانی دیکەیە تاوەکوو بیری لێ بکەنەوە، گفتوگۆ هەن کە من بەشێک نیم لێیان. پێم وانییە بەراوردکردنی لەگەڵ دۆخی ئیساک لە هاوینی رابردوو دادپەروەرانە بێت، پێویستە بۆ هەر کەیسێک بە سەربەخۆ بڕیار بدرێت. ئەو کاپتنی یانەکەی ئێمەیە و لە تەواوی ئەو کاتەی پێکەوە کارمان کردووە یاریزانێکی باوەڕپێنەکراو بووە. من لەبری هەموو کەسێک لە یانەکە قسە دەکەم، ئێمە بە تەواوی ئاشقی ئەوین و بە دڵنیاییییەوە هەموو کەسێک پێی خۆش دەبێت بمێنێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لە 31ـی تەمووزدا بگەڕێتەوە و هیچ شتێک نییە ئاماژە بەوە بکات کە نەگەڕێتەوە.

برونۆ گیمارایش

“خۆشەویستییەکەی نەماوە”

ئالان پاردۆی راهێنەری پێشووی نیوکاسڵ پێی وایە گیمارایش ئامادەیە بۆ جێهێشتنی یانەکە و دەڵێت:

ئەمە زیانێکی گەورە دەبێت بۆیان. پێم وایە خۆشەویستییەکەی نەماوە، پێم وانییە لەوێ بمێنێتەوە و هەمان یاریزانی جاران بێت، بۆیە پێم وایە شتەکە دێتە سەر ئەوەی تاوەکوو دەکرێت زۆرترین پارە بەدەست بێنن. پێم وایە دەستەی کارگێڕیی نیوکاسڵ هەر ئەوە دەکەن.

نیوکاسڵ بڕیارێکی خێرای دەوێت

نیوکاسڵ دەیەوێت تاوەکوو دەکرێت بە زووترین کات دۆخەکە یەکلایی بێتەوە.

سەرچاوەکانی یانەکە پێیان وانییە دۆخەکە هاوشێوەی داستانی گواستنەوەکەی ئالێکساندەر ئیساکی هاوینی رابردوو بێت و بڕوایان وایە گیمارایش بە پیشەگەری دەمێنێتەوە. ئەوان هیچ ئاماژەیەکیان پێ نەگەیشتووە کە رەتی بکاتەوە بەشداریی لە مەشقەکانی پێشوەرزدا بکات یان بۆ یانەکە یاری بکات ئەگەر بمێنێتەوە.

گیمارایش وەکوو کەسایەتییەکی باو و خۆشەویست لە ژووری خۆگۆڕیندا دەمێنێتەوە.

کەسانی نزیک لە ناوەڕاستکارە بەڕازیلییەکە بە سەرچاوەکەیان راگەیاندووە کە ئەو پێی باشترە داهاتووی بە زوویی یەکلایی بێتەوە. یاریزانە 28 ساڵانەکە دوای جامی جیهانی هێشتا لە پشوودایە. ئەگەر لە سانت جەیمس پارک بمێنێتەوە، نیوکاسڵ ئامادەیە ئۆفەری گرێبەستێکی نوێی پێشکەش بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button