
یاریگا –
ئیدارەی جێبەجێکار گرێبەستی نوێی لێ قەدەخە دەکرێت مەگەر پارەی بەردەست لە رێگەی سپۆنسەر و داهاتەکانی دیکەی یانەکەوە دابین بکرێت.
سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعوودییە (PIF)، کە خاوەنی یانەی نەسرە، رێکاری بەپەلە دەگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە داراییە مەترسیدارەی بەرۆکی پاڵەوانی خولی سعودییەی گرتووە. شایەنی باسە، ئەو یانەیەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بۆ دەکات لەژێر چاودێرییەکی دارایی تونددایە لەلایەن خولی پیشەگەریی سعودییەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی، کە رۆژنامەی ئا بۆلا‘ـی پۆرتوگالی بڵاوی کردووەتەوە، پلانێکی کارکردن لەسەر سێ تەوەر داڕێژراوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە. یەکەم رێکار بریتییە لە سنووردارکردنی هەندێک لە دەسەڵاتە داراییەکانی ئیدارەی جێبەجێکاری ئێستای یانەکە.
دووەمیان بریتییە لە بەکرێگرتنی کۆمپانیا سەربەخۆکانی راوێژکاری لە بواری دارایی، بازرگانی و یاساییدا. ئامانج لێی زیادکردنی داهاتە بازرگانییەکان، کەمکردنەوەی خەرجییەکانە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی دارایی و پێشکەشکردنی پلانێک بە چارەسەر و خشتەیەکی کاتەوە تاوەکوو یانەکە لەم دۆخە مەترسیدارە دەرباز بکات.
لە کۆتاییدا، رێگەی سێیەم بریتییە لە شیکردنەوەی ئۆفەرەکانی کڕینەوەی یانەکەی پایتەخت، کاتێک سندووقی وەبەرهێنانی گشتی ئارەزووی خۆی بۆ فرۆشتنی بەشێکی یانەکە نیشانداوە. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێستا دوو ئۆفەری جدی لەسەر مێزەکە هەن.
PIF define plano de resgate financeiro para o Al Nassr
Leia aqui: https://t.co/Da7fxLP2Ec#futebol #internacional #cristianoronaldo #alnassr
— A BOLA (@abolapt) July 26, 2026
سەرچاوەکان لە رۆژنامەی ریازییەی سعوودییەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە قەرزەکانی نەسر لە 187 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕ دەبێت، بڕێک کە زۆربەی بەهۆی بڕیارە داراییەکانی وەرزی رابردووەوە کەڵەکە بووە.
یەکێک لە دەرئەنجامە راستەوخۆکانی ئەم قەیرانە، قەدەخەکردنی گرێبەستی نوێیە. سەرچاوەیەکی نزیک لە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی بۆ رۆژنامەی ریازییەی پشتڕاست کردەوە کە ئیدارەی جێبەجێکار رێگەی پێ نەدراوە گرێبەستی یاریزان یان راهێنەر واژۆ بکات، مەگەر پارەی بەردەست لە رێگەی سپۆنسەر و داهاتەکانی دیکەی یانەکەوە بەدەست بێت.
کاتێک راستەوخۆ پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە ئایا ئیدارەی یانەکە لە گرێبەست بۆ وەرزی نوێ رادەگیرێت، سەرچاوەکە بە روونی گوتی:
بەڵێ، هیچ گرێبەستێک ناکرێت مەگەر ئیدارەی جێبەجێکار پارەی بەردەست لە رێگەی داهاتەکانی یانەکەوە دەستەبەر بکات.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئامانج لەم بڕیارانە پاراستنی بەهای مادی و بازرگانیی یانەکە و جەماوەرەکەیەتی، لەگەڵ رێگریکردن لە زیاتر بوونی قەرزەکان و بەهێزکردنی پابەندبوون بە یاساکانی حوکمڕانییەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە حوکمڕانیی کۆمپانیا وەرزشییەکانی ژێر دەسەڵاتی سندووقی وەبەرهێنانی گشتی لەژێر چاودێریی فیفا و دەستە رێکخەرەکانی دیکەدایە تاوەکوو کێبڕکێی دادپەروەرانە لەنێوان یانەکانی ژێر یەک خاوەندارێتی دڵنیا بکرێتەوە، کە ئەوەش سندووقەکە ناچار دەکات مامەڵەیەکی یەکسانی سپۆنسەری دابین بکات و راستەوخۆ دەست لە بڕیارە وەرزشییەکان وەرنەدات.



