بازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترینمۆندیالی 2026

بازاڕی گواستنەوەی هاوینە گەرم دەبێت؛ ئەو ئەستێرانەی مۆندیال کە داهاتوویان لە یانەکانیان نادیارە

لە راشفۆرد و رۆدرییەوە تاوەکوو ئالڤارێز و ئێنزۆ؛ چارەنووسی ئەستێرەکان لە دوای مۆندیال بە کوێ دەگات؟

Yariga App

یاریگا –

لەگەڵ کۆتاییهاتنی مۆندیال، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان کاتی زۆری نەویست بۆ ئەوەی بە خێرایی ببوژێتەوە، هەرچەندە هەندێک لە گواستنەوە گەورەکان لە کاتی مۆندیالدا یەکلایی بوونەوە، بەڵام بەگشتی قۆناخێکی تاڕادەیەک هێمن بوو.

ئێستا کە مۆندیال کۆتاییهات، دۆخەکە گۆڕاوە، چاوەکان چوونەتە سەر ئەوەی ئەستێرەکانی مۆندیال لە وەرزی نوێ درێسی چ یانەیەک دەپۆشن.

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو ئەستێرانەی مۆندیال کە داهاتوویان لەگەڵ یانەکانیان روون نییە.

مارکۆس راشفۆرد – مانچێستەر یونایتد

ئەستێرە ئینگلیزییەکە وەرزی رابردووی بە خواستن لە بارسێلۆنا یاری دەکرد، بەڵام یانە کاتالوونییەکە بڕیاری دا بژاردەی کڕینی هەمیشەیی بە 30 ملیۆن یۆرۆ کارا نەکات. ئێستا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە 40 ملیۆن پاوەند بەسەرچووە، بۆیە هەر فرۆشتنێک پێویستی بە دانوستان هەیە. مووچە بەرزەکەی کە 325 هەزار پاوەندە لە هەفتەیەکدا و هەوڵەکانی مان یونایتد بۆ کڕینی یاریزانی دیکە، کێشەی بۆ داهاتووی دروست کردووە.

تۆڕە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی یاریزانەکەوە زانیویەتی، یاریزانەکە چەندین ئۆفەری رەتکردووەتەوە کە زۆر لە گرێبەستەکەی مان یونایتد قازانجی زیاتری تێدا بووە.

فۆلارین بالۆگەن – مۆناکۆ

دوای ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەمریکا لە مۆندیال، چاوەڕوان دەکرێت بالۆگەن ئەم هاوینە ریزەکانی مۆناکۆ جێبهێڵێت. یانە فەرەنسییەکە داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات و چەندین یانەی پرێمەرلیگ و ئەوروپی ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.

مۆرگان رۆجەرز – ئاستۆن ڤێلا

دوای ململانێیەکی زۆر، چێڵسی توانیویەتی گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ مۆرگان رۆجەرز واژۆ بکات و بە بڕی 117 ملیۆن پاوەند لە ئاستۆن ڤێلاوە بیگوازێتەوە، بەمەش ژمارەی پێوانەیی شکاند و رۆجەرز چێڵسیی هەڵبژارد سەرباری ئارەزووی زۆری ئارسیناڵ بۆ گواستنەوەی.

یان دیۆماندێ  -لایپزیگ

وێڕای هەوڵەکانی لیڤەرپوول و ئامادەییان بۆ پێشکەشکردنی 100 ملیۆن یۆرۆ، یاریزانە تەمەن 19 ساڵانەکەی کۆتدیڤوار دەیەوێت پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانەوە بکات، لایپزیگیش نایەوێت بە کەمتر لە 130 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت.

برادلی بارکۆلا – پاریس سان جێرمان

دوای بەشداریکردنی لە چوار یاریی سەرەکیی فەرەنسا لە مۆندیال، بارکۆلا ئامادە نییە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێ بکاتەوە چونکە دەیەوێت کاتی زیاتری یاریکردنی پێ بدرێت، هەریەک لە ئارسیناڵ و لیڤەرپوول چاودێریی ئەستێرە 23 ساڵانییەکە دەکەن.

برونۆ گیومارێش – نیوکاسڵ یونایتد

ئارسیناڵ هەوڵی گواستنەوەی کاپتنەکەی نیوکاسڵ دەدات و یاریزانە بەرازیلییەکەش خواستی خۆی بۆ چوونە ئارسیناڵ دەربڕیوە، بەڵام نیوکاسڵ پێداگرە لەسەر ئەوەی نەیفرۆشێت و بڕی 60 ملیۆن پاوەندی ئارسیناڵیش بۆ ئەو مەبەستە کەمە.

ئێنزۆ فێرناندێز – چێڵسی

پەیوەندییەکانی ئێنزۆ لەگەڵ چێڵسی تێکچووە، بەتایبەت دوای لێدوانەکانی بریکارەکەی، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، کە جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری نوێی ریال مەدرید ئارەزووی زۆری بۆ یاریزانەکە هەیە و دەیەوێت بیگوازێتەوە. لە بەرامبەردا، چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری نوێی چێڵسی، دەیەوێت ئێنزۆ بمێنێتەوە و یانەکەش بە 120 ملیۆن پاوەند دەیخەمڵێنێت.

ئەیوب بوعدی – لیل

یاریزانە تەمەن 18 ساڵانەکەی مەغریب سەرنجی یانە گەورەکانی راکێشاوە و مانچێستەر سیتی هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ گواستنەوەی، لە کاتێکدا لیل نرخی ئەم یاریزانەی بە 100 ملیۆن یۆرۆ دیاری کردووە.

رۆدری – مانچێستەر سیتی

گرێبەستەکەی رۆدری هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت. مانچێستەر سیتی ئۆفەری نوێکردنەوەی پێشکەش کردووە، بەڵام یاریزانەکە پێشتر ئارەزووی خۆی بۆ یاریکردن لە ئیسپانیا و بەتایبەت ریال مەدرید دەربڕیوە، هەرچەندە مەدرید ئێستا نیازی کڕینی نییە.


کریستیان رۆمێرۆ و جۆن ستۆنز
پێدەچێت دوای چوار ساڵ رۆمێرۆ تۆتنهام جێبهێڵێت، بەتایبەت دوای ئەو ڕەخنانەی بەهۆی کارتی سوور لێی گیرا.

ستۆنز وەکوو یاریزانێکی سەربەست مانچێستەر سیتی جێهێشتووە و یانەی ئێڤەرتن هەوڵی گەڕاندنەوەی دەدات بەڵام کێشەی پێکانەکانی جێی نیگەرانییە.

خولیان ئالڤارێز و فێران تۆرێس

ئالڤارێز ئاشکرای کرد کە دەیەوێت ئاتلێتیکۆ مەدرید جێبهێڵێت و بارسێلۆنا ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ بدات، لە کاتێکدا ریال مەدرید پێشتر ئۆفەرێکی 150 ملیۆن یۆرۆیی پێشکەش کردووە و رەتکرایەوە.

سەبارەت فێران تۆرێس، بارسێلۆنا ئامادەیە بیفرۆشێت بۆ ئەوەی رێگری بکات لە پێدانی 8 ملیۆن یۆرۆ بە مانچێستەر سیتی کە وەکوو مەرجێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە، هەروەها پاریس سان جێرمان و ئاتلێتیکۆ مەدرید ئارەزووی دەکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button