ئینتەر میلان ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی کێرتس جۆنز دەکات
لیڤەرپوول دەستبەرداری دەبێت..

یاریگا –
ئینتەر میلان جووڵەی فەرمی بۆ گواستنەوەی کێرتس جۆنز، ناوەڕاستکاری لیڤەرپوول دەکات.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ئینتەر میلان بۆ گواستنەوەی کێرتس جۆنز، ئۆفەرێکی پێشکەشی لیڤەرپوول کردووە و هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ناوەڕاستکارە 25 ساڵانییەکە چڕکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیتاڵییەکە، لیڤەرپوول ئامادەیە دەستبەرداری کێرتس جۆنز ببێت، بەڵام ئەو ئۆفەرەی ئینتەر میلان پێشکەشی کردووە بە دڵی رێدز نییە و پێوستە یانە ئیتاڵییەکە 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە زیاد بکات.
ئینتەر میلان دەیەوێت هەمان ئەزموونی ناپۆلی دووبارە بکاتەوە، کاتێک سکۆت مەکتۆمینای لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە ناپۆلی کرد و بووە ئەستێرەیەکی گەورەی یانەکە، ئینتەر بڕوای وایە جۆنز دەبێتە ماکتۆمینایی یانەکە و لەگەڵیان ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات.
ئینتەر میلان بڕوای وایە ئەو یاریزانانەی لە پرێمەرلیگەوە دەچنە سێریا ئەی سەرکەوتوو دەبن، لوکاکو، مخیتاریان، سمۆڵینگ، ئەنگویس و مەکتۆمینەی لە دیارترین ئەو نموونانەن دوای جێهێشتنی ئینگلتەڕا و پەیوەندیکردن بە سێریا ئەی، لە ئیتاڵیا درەوشاونەتەوە.
گرێبەستەکەی کێرتس جۆنز لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت، بەهای ئێستای ئەو یاریزانە لە بۆڕسەی یاریزانان 35 ملیۆن یۆرۆیە.



