
یاریگا –
ئێنریکێ ریکێلمی، بەربژێری سەرۆکایەتی یانەی ریال مەدرید، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رادیۆی کاتالوونیی RAC1، هێرشێکی توندی کردە سەر فلۆرێنتینۆ پێرێز و تۆمەتباری کرد بەوەی لە کاتی قەیرانەکاندا هاوکاریی دارایی یانەی رکابەری دێرینی کردووە.
ریکێلمی لەبارەی پەیوەندییەکانی پێرێز و یانە کاتالوونییەکەوە گوتی:
فلۆرێنتینۆ بە شێوەیەکی راستەوخۆ هاوکاریی بارسێلۆنای کرد کاتێک یانەکە لە دۆخێکی داڕووخاودا بوو، ئەویش لە رێگەی دابینکردنی دارایی بە بڕی 400 ملیۆن یۆرۆ.
ئەم بەربژێرە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی ئێستای ریال مەدرید لە رێگەی دەوروبەرەکەی و پڕۆژەی سوپەرلیگەوە پشتیوانیی خوان لاپۆرتای کردووە، کاتێک بارسێلۆنا لە قەیرانێکی گەورەی داراییدا بوو.
شاردنەوەی دۆسیەی نێگرێیرا و زیانەکانی ناوبژیوانی
ریکێلمی رەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەکردنی پێرێز لەگەڵ دۆسیەی گەندەڵیی ناوبژیوانی گرت و گوتی:
فلۆرێنتینۆ دەستی هاوکاریی درێژ کرد و دۆسیەی نێگرێیرای شاردەوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ریال مەدرید گەیاند. پارە دراوە بە نێگرێیرا بۆ ئەوەی لایەنگری بارسێلۆنا بکات، ئەمە جێگەی مشتومڕ نییە. جگە لەوەش، لایەنگریی ناوبژیوانی بە روونی دژی ریال مەدرید هەبووە و کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات.
بەگوتەی ریکێلمی، پێرێز تەنیا کاتێک پرسی نێگرێیرای بەفەرمی ورووژاندووە کە بارسێلۆنا پشتگیریی دامەزراندنی پڕۆژەی سوپەرلیگی جێهێشتووە.
سەبارەت بەو رەخنانەی کە رووبەڕووی کەمپینەکەی خۆی دەکرێنەوە، ریکێلمی گوتی:
من تێناگەم بۆچی ئەو من تاوانبار دەکات. هەمیشە کەسێک دەدۆزێتەوە تاوانباریی بکات: یوێفا، فیفا، بارسێلۆنا… وەکوو مەدریدیستایەک، ئازارم دەچێژم کە گاڵتەمان پێدەکات.



