
یاریگا –
سەرۆکی ئێستا و بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی ریال مەدرید، سبەی ئێوارە بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازەکەی بۆ داهاتووی یانەکە قسە دەکات.
فلۆرێنتینۆ پێرێز سبەی کاتژمێر 20:00 بەکاتی هەولێر، لە هۆتێل مێلیا کاستیا بەربژێریی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ریال مەدرید پێشکەش دەکات. بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “هێشتا مێژوویەکی زۆر ماوە بۆ نووسینەوە”، فلۆرێنتینۆ دەیەوێت ئەندامانی ریال مەدرید قایل بکات دەنگی پێبدهن، بۆ ئەوەی وەکوو سەرۆکی یانەکە بەردەوام بێت. تاوەکوو ئێستا، پۆستەرێکی گەورەی لە نزیک یاریگای بێرنابیۆ هەڵواسیوە و ئەو 7 چامپیۆنزلیگە نیشان دەدات، کە تیمەکە لە ماوەی دوو خولی سەرۆکایەتیی ئەودا بەدەستی هێناون.
ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ رێکەوتی تەواوی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت. ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕێت، پرۆسەکە رۆژی یەکشەممە 7ـی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئێنریکێ ریکێلمی بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتیی یانەکە بۆ چوار ساڵی داهاتوو کێبڕکێ دەکەن.



