ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

سەرکەوتنە نهێنییەکەی ترۆسارد بەسەر ئاستەنگە کەسییەکانیدا بۆ بەدەستهێنانی پرێمەرلیگ

"پشتم پێ ببەستن"

Yariga App

یاریگا –

کاتێک ئارسیناڵ دوای 22 ساڵ چاوەڕوانی بۆ یەکەمجار بوو بە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، لە هەمان کاتدا لیاندرۆ ترۆسارد بە ساتێکی زۆر سەخت لە ژیانی تایبەتیدا تێدەپەڕی.

باڵە هێرشبەرەکەی ئارسیناڵ رۆڵێکی گرنگی لە وەرزی سەرکەوتووی یانەکەدا بینی، سەرەڕای ئەوەی بە قۆناخی تێکچوونی هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ هاوبەشی ژیانی، لۆرا هیڵڤن، تێدەپەڕی. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، راپۆرتەکان ئاشکرایان کرد کە لۆرا هەموو وێنەکانی ترۆساردی لە سۆشیاڵ میدیاکەی سڕیوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆ لەسەر کێشەی پەیوەندییەکەیان. دواتر هەر بەزوویی، لۆرا لە بەیاننامەیەکی پڕ لە هەستدا، پشتڕاستی کردەوە کە ئەو دوو هاوسەرە ماوەیەکە لە یەکدی جیابوونەتەوە.

لۆرا گوتی بڕیاری جیابوونەوەکە بە خۆشەویستی، گرنگیدان و ڕێزەوە دراوە و روونی کردەوە کە کاتیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن. ترۆسارد و لۆرا ماوەی 13 ساڵ بوو بەیەکەوە بوون و 7 ساڵیش بوو هاوسەرگیرییان کردبوو.  هەروەها دوو کوڕیان هەیە بە ناوەکانی تیاگۆ و ئامادیۆ.

لیاندرۆ ترۆسارد & لۆرا هیڵڤن

تەنانەت لەگەڵ ئەم ئاستەنگە کەسییانەش کە لە پشت پەردەوە روویان دەدا، ترۆسارد پیشەگەرانە مایەوە و سەرنجی خستەسەر یارمەتیدانی ئارسیناڵ بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.

یەکێک لە گەورەترین ساتەکانی وەرزیی ئارسیناڵ، کاتێک بوو کە یاریزانە بەلجیکییەکە گۆڵێکی دراماتیکی بردنەوەی لە خولەکی 87 بەرامبەر وێستهام یونایتدر کرد لە دوایین سێ یاریی خولەکەبۆ ئارسیناڵ. گۆڵەکە گەنەرزی لە نازناوی پرێمەرلیگ نزیکتر کردەوە و متمانەی بە تیمەکە بەخشی، کە دەتوانن لە کۆتاییدا دوای سێ جار بەدوای یەک کە پلەی دووەمیان بەدەستهێنابوو، کارەکە تەواو بکەن.

دوای تۆمارکردنی گۆڵەکە، ترۆسارد بە ئاماژە بەناوبانگە دوربینییەکەی ئاهەنگی گێڕا، کە پێشکەش بە تیاگۆی کوڕی کراوە. گۆڵەکە بەتایبەتی لەبەر ئەوە گرنگ بوو کە یەکەم گۆڵی ترۆسارد بوو لە 2026، دوای قۆناخێکی سەخت لە ژیانی وەرزشیی و کەسییدا.

لیاندرۆ ترۆسارد بەرامبەر وێستهام

پێش سەری ساڵ، زۆرێک لە هاندەرانی ئارسیناڵ بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی یانەکەیان دەزانی. تاوەکوو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم، حەوت گۆڵی کردبوو و شەش ئەسیستیشی هەبوو، رۆڵێکی سەرەکی لە بردنەوەکانی بەرامبەر فولهام، تۆتنهام و ئاستۆن ڤێلا هەبوو.

میکێل ئارتێتا بە شێوەیەکی بەردەوام لە نیوەی یەکەمی وەرزەکەدا لە پێکهاتەی سەرەکیدا دای دەنا. بەڵام ئاستی لە کاتی پشووەکانی جەژنی سەری ساڵ دابەزی و کاتی یاریکردنی لە سەرەتای ساڵی 2026 سنووردار بوو. لەنێوان مانگی شووبات و نیساندا، ترۆسارد تەنیا لە چوار یاریی پرێمەرلیگدا بە سەرەکی یاریی کرد، لە کاتێکدا ئارسیناڵ بۆ بەدەستهێنانی ئاستێکی جێگیر دەجەنگا.

بەڵام کاتێک ئارسیناڵ پێویستی بە یاریزانی ئەزمووندار بوو بۆ هەفتەکانی کۆتایی وەرزەکە، ئارتێتا جارێکی دیکە متمانەی بە ترۆسارد کردەوە و باڵە هێرشبەرەکەش ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد. ترۆسارد لە مانگی ئایاردا لە هەموو یارییەکانی ئارسیناڵدا لە پرێمەرلیگ و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە سەرەکی یاریی کرد.

میکێل ئارتێتا & لیاندرۆ ترۆسارد

کوالێتییە تەکنیکییەکەی لە گرنگترین بەشی وەرزەکەدا یارمەتی باشترکردنی هێڵی هێرشبەریی ئارسیناڵیدا. پاتریک ڤیێرا، ئەفسانەی ئارسیناڵ، تەنانەت بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئارسیناڵی وەسف کرد لە بردنەوە 1-0ـەکەی بەرامبەر بێرنلی لە شەوی دووشەممەدا.

هەفتەی رابردوو، ترۆسارد بۆ پێکهاتەی بەلجیکا بۆ مۆندیالی ئەم هاوینە بانگهێشتکرا.

لە کاتی ئاهەنگگێڕانی نازناوەکەی ئارسیناڵ لە یاریگای ئیمارات، زۆرێک لە یاریزانان لەگەڵ هاوبەش و منداڵەکانیان لە یاریگاکەدا ئاهەنگیان گێڕا. بەڵام ترۆسارد، خولی رێزلێنانی تەنیا لەگەڵ هاوتیمەکانی تەواو کرد پێش ئەوەی درێسەکەی پێشکەش بە هاندەرێک بکات، کە لە ژاپۆنەوە بەو هەموو رێگەیەدا هاتبوو بۆ بینینی یاریکردنی.
هەموو تیمێکی پاڵەوان بەزۆری خاوەنی یاریزانێکە کە لە کاتی گونجاودا کاریگەرییەکی چاوەڕواننەکراو دروست دەکات. بۆ ئارسیناڵ لەم وەرزەدا، ئەو یاریزانە رەنگە بە تەواوی ترۆسارد بووبێت، ئەو وەرزشوانەی کە بەسەر ئاستەنگە گەورە کەسییەکانیدا زاڵ بوو، لە کاتێکدا یارمەتی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ یانەکە دەدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button