
یاریگا –
لە کاتێکدا هەمووان سەرقاڵی هەواڵی هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی ریال مەدرید بوون، فلۆرێنتینۆ پێرێز بەشێکی زۆری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بۆ گەورەترین هێرش لە مێژووی یانەکەیدا دژی بارسێلۆنا تەرخانکرد.
پێرێز رایگەیاند کە چیدیکە چاوەڕێی دادگاکانی ئیسپانیا ناکات و دۆسیەی نێگریێرا دەباتە بەردەم یوێفا.
چەکی پێرێز؛ دۆسییەکی 500 لاپەڕەیی
پێرێز دووپاتی کردەوە کە تیمە یاساییەکەی مەدرید سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسییەکی زەبەلاحن کە لە 500 لاپەڕە پێکهاتووە. ئەم دۆسیەیە هەموو ئەو بەڵگانە لەخۆدەگرێت کە مەدرید وەکوو گەندەڵییەکی سیستماتیک ناویدەبات. پێرێز گوتی؛
ئەمە گەورەترین دۆسیەی گەندەڵییە لە مێژووی تۆپی پێدا. من لێرەم بۆ ئەوەی بجەنگم، نەک بۆ ئەوەی ببینم ناوبژیوانان بە پارەی بارسێلۆنا دەوڵەمەند دەبن.
✉️ El Madrid confía en que la UEFA castigue al Barça
📃 Florentino Pérez enviará un dossier de 500 páginas a la UEFA para denunciar la “corrupción sistémica” del caso Negreirahttps://t.co/hAMkAiUF83
— Diario SPORT (@sport) May 14, 2026
متمانەی مەدرید بە ماددەی 4ـی یوێفا
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، ریال مەدرید پشت بە ماددەی 4 لە پەیڕەوی ناوخۆی یوێفا دەبەستێت، ئەم یاسایە دەڵێت؛
ئەگەر یوێفا بگاتە ئەو بڕوایەی کە یانەیەک بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی لە گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان هەبووە، یوێفا مافی ئەوەی هەیە ئەو یانەیە بۆ ماوەی وەرزێکی تەواو لە هەموو پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان بێبەش بکات.
گرنگیی ئەم یاسایە لەوەدایە کە یوێفا پێویستی بە بڕیاری کۆتایی دادگای وڵاتەکە نییە، بەڵکوو تەنیا باوەڕی خۆی بەسە بۆ دەرکردنی سزا.
وەڵامی ساردی یوێفا و بارسێلۆنا
سەرەڕای گەشبینییەکەی پێرێز، رۆژنامەی سپۆرت ـی کاتالوونی لە زاری سەرچاوەکانی یوێفاوە بڵاویکردەوە کە هێشتا یوێفا پلانی نییە سزای وەرزشی بەسەر بارسیلۆنا بسەپێنێت. ئەوان پێیان وایە ئەم پرسە زیاتر پرسێکی ناوخۆیی ئیسپانیایە و هاوشێوەی دۆسیەی مانچێستەر سیتی، تەنیا چاودێریی دەکەن. هاوکات، یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە بەشی یاسایی یانەکەیان خەریکی لێکۆڵینەوەن لە تۆمەتەکانی پێرێز و ئەگەری هەیە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکەن.
شیکاریی یاسایی؛ ئایا بلاوگرانا دەردەکرێت؟
ئەم جەنگە یاساییە دوو ئەگەر لەخۆدەگرێت؛
ئەگەری یەکەم؛ یوێفا دۆسییە 500 لاپەڕەییەکەی پێرێز وەکوو بەڵگەی تەواو وەربگرێت و بارسێلۆنا بۆ وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ بێبەش بکات.
ئەگەری دووەم؛ یۆفا چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئیسپانیا بکات، کە رەنگە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت، ئەمەش وەکوو شکستی سیاسی بۆ پێرێز لێکدەدرێتەوە.



