
یاریگا –
سێرجیۆ رامۆس، ئەو ئەفسانەیەی رۆژێک لە یاریگای رامۆن سانچێز پیزخوانەوە دەستیپێکرد، ئێستا خەریکە دەبێتە خاوەنی یەکجارەکی ئەو شوێنە.
رامۆس، کاپتنی مێژوویی ئیسپانیا و ریال مەدرید، تەنیا هەنگاوێکی ماوە بۆ ئەوەی وەکوو خاوەنی نوێی یانەی سێڤییا رابگەیەنرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، پڕۆژەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و وردەکارییە دارایی و کارگێڕییەکانیشی خستووەتەڕوو.
رامۆس بە تەنیا ئەم سەرکێشییە ناکات، بەڵکوە لە رێگەی کۆمپانیای وەبەرهێنانی Five Elevenـەوە دەجووڵێتەوە. پڕۆژەکە لەلایەن مارتن ئین، سەرۆکی کۆمپانیاکە و رێنێ رامۆس، برای سێرجیۆ و بریکاری کارەکانی سەرپەرشتی دەکرێت. رۆژی دووشەممەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی چڕ لە نێوان نوێنەرانی رامۆس و کارگێڕیی ئێستای سێڤییا بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەسەر زۆربەی خاڵە سەرەکییەکان رێککەوتوون.
💰 Sergio Ramos espera que la compra del Sevilla pueda estar completada a finales de este mes o principios de junio
✍️ @RamonFuentes74 https://t.co/hQUfwMHELx
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) May 12, 2026
هاوکێشە داراییەکان؛ 400 ملیۆن یۆرۆ لەسەر مێزەکەیە
نرخی یانەی سێڤییا بەپێی بارودۆخی ئێستا بە 400 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە. بەڵام ئەم بڕە پارەیە هەمووی بە نەخدی نادرێت، بەڵکوو بەم شێوەیە دابەشدەبێت؛
90 ملیۆن یۆرۆ؛ قەرزی کەڵەکەبووی یانەکەیە کە رامۆس و هاوبەشەکانی دەبێت بیگرنە ئەستۆ.
قەرزی CVC؛ سیڤییا یەکێکە لەو 38 یانەیەی لالیگا کە واژۆی رێککەوتنی سندوقی CVC کردووە، پڕۆژەیەک بە بەهای دوو ملیار یۆرۆ بۆ گەشەپێدانی یانەکان، رامۆس دەبێت پابەند بێت بە دانەوەی پشکی یانەکە لەو قەرزە درێژخایەنە.
پلانی دابەزین؛ رامۆس سیناریۆی خراپتری بیرچووە؟
خاڵێکی سەرنجڕاکێشی ئەم مامەڵەیە ئەوەیە کە رامۆس نایەوێت سەرکێشی بە پارەکەیەوە بکات ئەگەر تیپەکە دابەزێت. رێککەوتنەکە بڕگەیەکی تێدایە دەڵێت؛
ئەگەر سێڤییا دابەزێت بۆ خولی پلە دوو، نرخی یانەکە بە رێژەی لە %40 دادەبەزێت.
لەو کاتەدا رامۆس تەنیا بە 260 ملیۆن یۆرۆ یانەکە دەکڕێتەوە، هەرچەندە مانەوەی سێڤییا لە پلە یەک نزیکە، بەڵام سێ یاریی داهاتووی بڕیاردەر دەبن.
کەی رامۆس دەبێتە خاوەن یانە؟
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە مامەڵەکە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی حوزەیران یەکلایی ببێتەوە. رامۆس دەیەوێت پێش دەستپێکردنی وەرزێ نوێی گواستنەوەکان، کلیلی یانەکەی لەدەستدا بێت تاوەکوو شۆڕشێکی گەورە لە پێکهاتەی تیپەکەدا بکات.



