
یاریگا –
چەند رۆژێک پێش رووبەڕووبوونەوەی نێوان سێڤییا و ریال مەدرید، هەواڵێکی گەورە میدیاکانی ئیسپانیای هەژاند؛ سێرجیۆ رامۆس، ئەفسانەی پێشووی ریال مەدرید و کوڕی شاری سێڤییا، لە قۆناخی کۆتاییدایە بۆ کڕینی پشکی زۆرینەی یانە ئاندەلووسییەکە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، تەنیا واژۆکردنی گرێبەست و پێدانی پارەکە ماوە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە پێش کۆتایی مانگی ئایار بە فەرمی رابگەیەندرێت، بەوەش رامۆس کۆتایی بە گرژی لەگەڵ هاندەرانی یانەکە دەهێنێت کە مێژووییەکی لەمێژینەی هەیە.
رامۆس کە لە مانگی ئازاری رابردوودا تەمەنی بووە 40 ساڵ، دوای ئەوەی لە وەرزی 2023-2024 گەڕایەوە سێڤییا و دواتر لە 2025 رووی لە مەکسیک کرد، دەیویست بۆ ئەم وەرزە دوایین سەما لەسەر چیمەنی رامۆن سانچێز پیزخوان بکات، بەڵام خۆزێ ماریا دێل نیدۆ کاراسکۆی سەرۆکی یانەکە رەتیکردەوە. ئێستاش کە خەریکە دەبێتە خاوەنی یانەکە، بە هیچ شێوەیەک بۆی نییە یاریی بۆ ئەو یانەیە بکات کە خاوەندارێتی دەکات، بۆیە دەبێت تەنیا لە نووسینگەکانەوە کارەکانی بکات.

ئاشتبوونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ هاندەران
ئەوەی ئەم هەنگاوەی رامۆس دەکاتە جێگەی سەرسوڕمان، مێژووە پڕ لە کێشەکەیەتی لەگەڵ هاندەرە توندڕەوەکانی سێڤییا [Biris Norte]. کێشەکان لە ساڵی 2005ـەوە دەستیانپێکرد، کاتێک سەرۆکی ئەو کاتەی سێڤییا رایگەیاند کە رامۆس گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە بۆ چوونە ریال مەدرید، لە کاتێکدا لە راستیدا بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ فرۆشرا بوو.
گرژییەکان لە وەرزی 2016-2017 گەیشتە لووتکە، کاتێک لە جامی شای ئیسپانیا هاندەرانی سێڤییا درووشمی ‘رامۆس بمرە’ـیان دەگوتەوە، ئەویش بە لێدانێکی سزای پانێنکا و پێشاندانی گوێیەکانی وەڵامی دانەوە. بەڵام ئێستا، دوای ئەو هەموو مێژووە زێڕینەی لە مەدرید تۆماری کرد [4 چامپیۆنزلیگ، 5 لالیگا]، رامۆس دەگەڕێتەوە بۆ رزگارکردنی ئەو یانەیەی کە لێیەوە دەرکەوت.



