
یاریگا –
پڕۆژە گەورەکەی سێرجیۆ رامۆس بۆ کڕینەوەی یانەی سێڤییا رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵۆزی و کێشەی گەورە بووەتەوە، کە رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی تەواوی رێککەوتنەکە و لەبارچوونی خەونەکەی.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئەو کۆمەڵە وەبەرهێنەرەی کە پشتگیریی دارایی پڕۆژەکەی رامۆس دەکەن، خەریکە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیاندا دەکەن و هەڕەشەی پاشگەزبوونەوە دەکەن، هۆکاری ئەم تووڕەییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا، ئەو خاوەن پشکانەی سێڤییا کە بڕیارە پشکەکانیان بفرۆشن، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گۆڕانکارییان لەو مەرجانەدا کردووە کە پێشتر هەردوولا لەسەری رێککەوتبوون، ئەمەش وایکردووە متمانەی نێوان هەردوولا درزێکی گەورەی تێبکەوێت.
🚩NEW: Complications have emerged in Sergio Ramos’ proposed takeover of Sevilla. Sources say some investors behind the bid are reconsidering their position after the selling shareholders made changes to previously agreed terms in recent hours. Concerns also exist over delays to… https://t.co/gzFAZle9Zt
— Guillermo Rai (@GuillermoRai_) May 20, 2026
لە لایەکی دیکەشەوە، کات وەک شمشێرێک لەسەر ملی پڕۆژەکەی رامۆسە. نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە خاوبوونەوە و دواکەوتنی پرۆسەی کڕینەکە. ئێستا گومانێکی گەورە دروستبووە لەسەر توانای رامۆس و گروپە وەبەرهێنەرەکەی بۆ کۆکردنەوە و دابینکردنی تەواوی سەرمایەی نەختی پێویست بۆ پڕۆژەکە.
رێککەوتنی بنەڕەتی خاوەنی وادەی قۆرخکارییە کە تەنیا تاوەکوو 31ـی ئایار کاری پێدەکرێت. ئەگەر تاوەکوو ئەو بەروارە بڕە پارەی داواکراو بە تەواوی ئامادە نەکرێت و نەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەگەری زۆرە رێککەوتنەکە کۆتایی بێت و کەسانی دیکە بێنە نێو پرۆسەی کڕینی یانە ئەندەلووسییەکەوە، ئەمەش دەبێتە گورزێکی کوشندە بۆ سێرجیۆ رامۆس کە دەیویست لە یاریزانەوە ببێتە خاوەنی یانە خۆشەویستەکەی



