
یاریگا –
دوای تێپەڕبوونی خراپترین وەرزی 20 ساڵی ڕابردوو، یانەی ریال مەدرید لەبەردەم زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلە و چارەنووسسازدایە.
بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، کارگێڕیی یانە سپییەکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تیپەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی یاریزانان، بەڵکوو لەسەر ئاستی سەرکردایەتییە وەرزشییەکەش.
خاڵی دەسپێکی ئەم گۆڕانکارییانە، دیاریکردنی راهێنەرێکی نوێیە، کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریداوە جۆزێ مۆرینیۆ بگەڕێنێتەوە بۆ بێرنابیۆ. رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرای کردووە، مۆرینیۆ ئاگاداری وردەکاریی هەموو ئەو کێشانەیە کە لەم وەرزەدا روویانداوە و راپۆرتی تەواوی لەسەر یەک بە یەک یاریزانەکان هەیە، ئێستا بڕیارەکە لای مۆرینیۆ خۆیەتی؛ ئەگەر رەزامەندی دەربڕێت، مەشقەکانی مەدرید وەردەگرێتەوە بۆ ئەوەی دوایین سەما لەگەڵ یانە شاهانەکە بکات.

هێڵی بەرگری؛ جێگای گومان و گۆڕانکاری
گەورەترین کێشەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا هێڵی بەرگری بوو. کارگێڕیی مەدرید پێی وایە کڕینی سێ بۆ چوار بەرگریکاری نوێ دەبێت هەرچی زووە بکرێت و یانەکە چیدیکە تاقیکردنەوە بە یاریزانی گەنج ناکات، بەڵکوو خواستی یانەکە لەسەر بەرگریکارە ناودار و جێگیرەکان دەبێت. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەیڤد ئالابا لە کۆتایی وەرز بەخۆڕایی یانەکە بەجێدەهێڵێت، بەڵام دۆخی میلیتاو، مێندی، کارڤاخاڵ و ئاسێنسیۆ هێشتا نادیارە.
هێڵی پێشەوە
سەرەڕای شکستی ئەم وەرزە، پێرێز پێی وایە کێشەکە لە هێرشبەراندا نییە. سێگۆشەی بێلینگهام، ڤینیسیۆس و ئێمباپێ وەکوو بناخەی سەرەکی تیپەکە دەمێننەوە. هەروەها بڕیارە نیکۆ پاز و ئێندریک بگەڕێنەوە بۆ پتەوکردنی هێڵی پێشەوە. کارگێڕیی یانەکە بڕوای وایە ئەم یاریزانانە کوالیتییان بەرزە، بەڵام پێویستیان بە راهێنەرێکی وەکوو مۆرینیۆ هەیە تاوەکوو ئاستە راستەقینەکەیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
ناوەند و کێشە ئەخلاقییەکان
ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لە نێوان ڤاڵڤێردی و چوامێنی روویدا، دەرگای بە رووی گۆڕانکاریی لە هێڵی ناوەندیشدا کردووەتەوە، هەرچەندە وەکوو هێڵی بەرگری پەلە لەو هێڵە ناکرێت، بەڵام ریال مەدرید نایەوێت چیدیکە تیپێکی بێڕۆح لە یاریگادا ببینێت.



