ماڵئاواییەکی گرانبەها؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 100 ملیۆن یۆرۆوە برینەکانی چامپیۆنزلیگ ساڕێژ دەکات
لە رووی داراییەوە ئاتلێتیکۆ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە

یاریگا –
هەرچەندە خەونی گەیشتن بە یاری کۆتایی لە لەندەن لەگۆڕ نرا، بەڵام ماڵئاواییکردنەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بە دەستی بەتاڵ نەبوو و رۆخی بلانکۆس بە دەستکەوتێکی دارایی زەبەلاحەوە دەگەڕێتەوە پایتەختی ئیسپانیا، کە دەبێتە هەوێنی بنیاتنانەوەی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو.
دۆڕانەکەی سەر دەستی ئارسیناڵ ئازاربەخش بوو، بەڵام بۆ یانەیەک کە لە ساڵی 2017ـەوە تامەزرۆی گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی بوو، ئەم وەرزە لە رووی ئابوورییەوە هەنگاوێکی زێڕین بوو.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، کوڕانی دیێگۆ سیمیۆنی ئێستا تەواوی سەرنجیان لەسەر مسۆگەرکردنی پلەی سێیەم یان چوارەمی لالیگایە، بەڵام لە نووسینگەکانی یانەکە، هەڵسەنگاندنەکان بۆ ئەم وەرزەی ئەوروپا زۆر ئەرێنین. بڕی ئەو پارەیەی دەست یانەکە کەوتووە بەربەستی 100 ملیۆن یۆرۆی تێپەڕاندووە، کە دەکاتە لە %20ـی کۆی بودجەی ساڵانەی یانەکە کە 554 ملیۆن یۆرۆیە.

پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان هەمیشە بۆ یانەکان سەرچاوەیەکی دارایی بەهێزن، هەر بۆیەش ئاتلێتیکۆ لە ساڵی 2013ـەوە بەبێ دابڕان بلیتی بەشداریکردنی مسۆگەر کردووە و لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستا داهاتەکەیان لەم پاڵەوانێتییەدا نزیک بووەتەوە لە یەک ملیار یۆرۆ.
لەم وەرزە، ئەنجامە وەرزشییەکان خەزێنەی یانەکەیان بە باشی پڕکردووە. ئەگەر وردەکارییەکان شیبکەینەوە؛ ئاتلێتیکۆ زیاتر لە 73.5 ملیۆن یۆرۆی تەنیا لە ئەنجامەکان بەدەستهێناوە، ئەمەش بریتییە لە 18.6 ملیۆن یۆرۆ بۆ بەشداریکردن، پاداشتی سەرکەوتنەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان و ئەو بڕە پارەیەی بەهۆی دەرکردنی یانەکانی وەکوو کلوب بروج، تۆتنهام و بارسێلۆنا پێیان دراوە. هەرچەندە بڕی 18.5 ملیۆن یۆرۆی گەیشتن بە یاریی کۆتایی بووە پشکی ئارسیناڵ، بەڵام دەستکەوتەکەی مەدرید هێشتا سەرسوڕهێنەرە.
سەرباری ئەوەش، نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆی دیکە لە رێگەی مافی پەخشی تەلەفزیۆنی و پشکی بەهای یانەکان دەچێتە سەر هەژماری یانەکە. ئێستا، بەم گەنجینە گەورەیەوە، ئەرکی داهاتوویی کارگێڕی ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەوەیە، ئەم داهاتە بخاتە خزمەت پڕچەککردنەوەی پێکهاتەکەی چۆلۆ، تاوەکوو بۆ وەرزی داهاتوو بە هێزێکی زیاترەوە بگەڕێنەوە گۆڕەپانەکە.



