
یاریگا –
دهۆک میوانداری نەفتی میسان دەکات و یاریزانێکی تیپەکەش دەڵێت لە یارییەکان ئاستێکی بەرز نیشان دەدەین بەڵام بەخت لەگەڵ ئێمە نیە.
سێ شەممە ( 5ـی ئایاری 2026 ) لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە دهۆک لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفتی میسان دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە دهۆک توانای پاشەنگ عەبدوڵا و هاڕون ئەحمەدی بە تەواوی بۆ دەگەڕێتەوە، هەردوو یاریزان دەتوانن بە شێوەی سەرەکی یاریی بکەن دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو گەڕانەوە پێکهاتەی یەدەگی تیپەکە.
ئەحمەد عادل، ناوەڕاستکاری دهۆک دەربارەی ئامادەکاریان بۆ یارییەکە گووتی:
ئامانجمان لەم یارییە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە، لە زۆربەی یارییەکان ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەین بەڵام بەخت یاوەرمان نیە بۆ سەرکەوتن، یارییەکە لە نێو یاریگای خۆمانە ئەوەش گرینگە و پاڵپشتیەکی باشە بۆ ئێمە، دەمانەوێت دهۆک لە ریزبەندییەکانی پێشەوە بێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەی لە توانامان بێت لەم چەند یارییەی ماوە پێشکەشی دەکەین.
بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ هەڵۆکانی چیا لە ریزبەندی 10 دێن، گەڕی داهاتووش لە ئەرکێکی ئاساندا میوانداری قاسم دەکات، نەفتی میسانیش 30 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 18ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



