ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بەر لە کلاسیکۆ؛ چوار کێشە خەو لە چاوی ئالڤارۆ ئاربێلوا دەزڕێنن

چەند پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەستێرەکانی دەنێرێت

Yariga App

یاریگا –

هەرچەندە ریال مەدرید توانی بە دوو گۆڵی ڤینیسیۆس لە ئیسپانیۆل بباتەوە و ئاهەنگی نازناوی بارسێلۆنا بۆ هەفتەیەکی دیکە دوابخات، بەڵام ئەوەی لە ژووری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان روویدا زۆر لە یارییەکە گرنگتر بوو.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید، بەر لە یاریی لووتکەی کلاسیکۆ، رووبەڕووی چوار کێشەی سەرەکی بووەتەوە و پەیامی روونی بۆ یاریزانەکانی نارد.

کێشەی ئێمباپێ
گەشتە کتوپڕەکەی ئێمباپێ بۆ ئیتاڵیا لە کاتی پێکانەکەیدا، هاندەرانی  و کارگێڕیی مەدریدی تووڕەکردووە. کاتێک پرسیاریان لە ئاربێلوا کرد، وەڵامەکەی زۆر قورس بوو.

ریال مەدرید بەو یاریزانانە دروست نەکراوە کە بە قاتی فەرمییەوە دێنە نێو یاریگا، بەڵکوو بەو یاریزانانە دروست بووە کە درێسەکانیان پڕ دەبێت لە ئارەق، قوڕ، قوربانی و بەردەوامی.

رۆژنامەکە ئەم قسانە وەکوو تیرێکی راستەوخۆ بۆ بێباکییەکانی ئێمباپێ لێکدەداتەوە.

 قەیرانی متمانەی کاماڤینگا
ئیدواردۆ کاماڤینگا لە خراپترین کاتدا متمانەی راهێنەری لەدەستداوە. ئاربێلوا لە یاریی رابردوو تیاگۆ پیتارچی لاوی پێشخست، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە راهێنەر جەستەیەکی پڕ لە وزە و ئاستێکی جێگیری دەوێت، نەک ناو و ناوبانگ. کاماڤینگا ئێستا لە دۆخێکی مەترسیداردایە و پێگەی لە کلاسیکۆ و مۆندیالیش کەوتووەتە ژێر پرسیار.

ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید

باڵی چەپ؛ فران گارسیا ململانێیەکە دەباتەوە
دوای پێکانەکەی مێندی، ئاربێلوا فران گارسیای هەڵبژارد لەبری ئالڤارۆ کارێراس، کە یانەکە پارەیەکی زۆری بۆ خەرج کردبوو لە هاویندا. فران گارسیا بە ئاستێکی بەرز وەڵامی دایەوە و وا دیارە لە کلاسیکۆ ئەو دەبێتە بژاردەی یەکەم، ئەمەش شکستێکی دەروونییە بۆ کارێراس کە نەیتوانیوە شوێنی خۆی بکاتەوە.

 ماڵئاواییە غەمگینەکەی کارڤاخاڵ
دانی کارڤاخاڵ، کاپتن و ئەفسانەی یانەکە، پێدەچێت دوایین یاریی خۆی بە درێسی سپییەوە کردبێت. ئاربێلوا بە دڵتەنگییەوە باسی کرد و هیوای خواست کارڤاخاڵ بتوانێت تەنیا یەک یاریی دیکە بکات بۆ ئەوەی لەنێو یاریگادا ماڵئاوایی بکات. ئەمە کۆتایی چیرۆکێکی پڕ لە دەستکەوتە بۆ یاریزانێک کە نایەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.

کلاسیکۆی کەرامەت
ریال مەدرید دەزانێت کە چانسی بردنەوەی لالیگای نەماوە، بەڵام وەکوو ئاربێلوا ئاماژەی پێدا، ناسنامەی مەدرید رێگە نادات پێش فیکەی کۆتایی چاوەکانی دابخات. کلاسیکۆی کامپ نۆو بۆ مەدرید یارییەک دەبێت بۆ سەلماندنی کەرامەت و وەستانەوە بەڕووی بارسێلۆنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button