
یاریگا –
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر وازهێنانی یەکجاریی لە یاریگاکان، وا دەردەکەوێت ئەندازیارەکەی بێرنابیۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمجارە نەک بە درێسی ژمارە 8 و پێڵاوە سپییەکانییەوە، بەڵکوو، دەبێتە یەکێک لە بڕیاردەرە سەرەکییەکانی نێو یانەکە.
ماریۆ کۆرتێگانا، رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو و ناوداری تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لەگەڵ تۆنی کرووس لە گفتووگۆدایە بۆ ئەوەی لەنێو یانەکە پۆستێکی هەستیاری پێ بسپێرێت کە خاوەن دەسەڵات و بەرپرسیارێتی گرنگ بێت.
Real Madrid are in talks with Toni Kroos over a plan to bring back the retired midfielder in a new role with key responsibilities.
Sources say one of the ideas Madrid are studying is for Kroos to join their sporting structure. This would mean a route back into the club similar… pic.twitter.com/u1Cte63WHo
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) April 29, 2026
پڕۆژەی مۆدێلی زیدان بۆ کرووس
ئەم هەنگاوە هاوشێوەی ئەو نەخشەڕێگەیەیە کە پێشتر زینەدین زیدان گرتییەبەر؛ کاتێک لە ساڵی 2010 وەکوو راوێژکاری سەرۆک گەڕایەوە و دواتر بووە یاریدەدەری راهێنەر و لە کۆتاییدا بووە یەکێک لە سەرکەوتووترین راهێنەرانی مێژووی یانەکە. مەدرید دەیەوێت کرووس هەمان ئەزموون دووبارە بکاتەوە، چونکە بڕوایان وایە تێگەیشتنی ئەو بۆ تۆپی پێ ناوازە و دەگمەنە.
بۆچی مەدرید پێویستی بە کرووس هەیە؟
تۆڕە ئەمەریکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەرپرسانی مێرێنگی پێیان وایە لە دوای رۆیشتنی کرووس لە ساڵی 2024ـەوە، یانەکە لەنێو ژووری جلگۆڕین و تەنانەت نێو یاریگاش تووشی جۆرێک لە بێسەروبەریی تاکتیکی و نەمانی کەسایەتیی سەرکردە بووە.. ئەزموونی گەورەی کرووس، تێگەیشتنی وردی بۆ فەلسەفەی ریال مەدرید و ئەو کەسایەتییە بەهێزەی هەیەتی، وای کردووە مەدرید وەکوو سەرمایەیەکی گەورە بیبینێت بۆ پلاندانان بۆ تیپەکە و سەرپەرشتیکردنی ئەستێرە گەنجەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، کرووس لە پۆستە نوێیەکەیدا سێ ئەرکی سەرەکی دەبێت؛
پلاندانان بۆ پێکهاتە؛ هاوکاریکردنی یونی کالافات و خۆسێ ئانخێل سانچێز لە دیاریکردنی ئەو یاریزانانەی کە لەگەڵ فەلسەفەی یانەکە دەگونجێن.
پشتگیریی رۆژانە؛ ئامادەبوون لە بنکەی مەشق و راهێنانەکانی ڤالدێبێباس بۆ پێدانی رێنمایی بە ئەستێرە گەنجەکان، وەکوو راوێژکارێکی مەیدانی کار دەکات بۆ گواستنەوەی ئەزموونە تاکتیکییەکانی و چاندنی کولتووری وردبینی و پڕۆفێشناڵیزمی ئەڵمانی لەنێو یاریزانە گەنجەکان.
نوێنەرایەتیکردنی یانە؛ وەکوو رووکارێکی دیبلۆماسی و وەرزشیی بەهێز بۆ ریال مەدرید لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان.
لە ئەکادیمیاوە بۆ لووتکەی بڕیار
کرووس کە لە ساڵی 2024ـەوە سەرقاڵی ئەکادیمیا تایبەتەکەیەتی لە مەدرید، پێشتر چەندین جار گوتبووی کە نایەوێت بەم زووانە بگەڕێتەوە نێو فشاری تۆپی پێی پیشەگەر، بەڵام پێدەچێت پڕۆژە نوێیەکەی پێرێز کە تێیدا کرووس دەبێتە هاوبەشی خونی کالافات، بەرپرسی گرێبەستەکان و کارگێڕیی یانەکە، بیری ئەم ئەفسانە ئەڵمانییەی گۆڕیبێت.



