
یاریگا –
دوای ئەوەی یانەی چێڵسی بڕیاریدا لیام رۆسێنیۆر لە پۆستی راهێنەرایەتی دووربخاتەوە، جارێکی دیکە ناوی ئەفسانەی یانەکە، فرانک لامپارد، لە لیستی پاڵێوراوەکاندا دەبینرێت.
جۆی کۆل، ئەستێرەی پێشووی چێڵسی و هاوڕێی دێرینی لامپارد، بە توندی دژی ئەم بیرۆکەیە دەوەستێتەوە و ئامۆژگاری لامپارد دەکات کە تەنانەت بیر لە گەڕانەوەش نەکاتەوە بۆ ستامفۆرد بریج.
ئێستا لامپارد لە لووتکەی سەرکەوتندایە، دوای ئەوەی توانی نازناوی چامپیۆنشیپ بەدەستبهێنێت و پاش زیاتر لە دوو دەیە، یانەی کۆڤێنتری سیتی بگەڕێنێتەوە بۆ پرێمەرلیگ.
جۆی کۆل لە لێدوانێکیدا بۆ پادی پاوەر گوتی؛
پێویستە فرانک بە تەواوی لە چێڵسی دووربکەوێتەوە، راستە ئەو یانەکەی خۆشدەوێت و رەنگە بیەوێت تاقیکردنەوەیەکی دیکە بکات، بەڵام کارێکی سەرنجڕاکێشی لە کۆڤێنتری کردووە. ئێستا دەبێت هەموو وزەی خۆی بۆ هێشتنەوەی ئەو تیپە لە پرێمەرلیگ تەرخانبکات و بەدوای کڕینی یاریزانی نوێدا بگەڕێت.
کێشە گەورەکەی چێڵسی چییە؟
لامپارد پێشتر دوو جار ئەرکی راهێنەرایەتی بلووزی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام هەردوو جارەکە بەهۆی کێشەی کارگێڕی و نەبوونی سەقامگیرییەوە کۆتاییهاتنێکی دڵخۆشکەری نەبوو. جۆی کۆل رەخنەی توند لە سیستمی کارگێڕیی ئێستای چێڵسی دەگرێت و دەڵێت؛
ئەگەر من لە جێگەی لامپارد بم، ناچمە چێڵسی. لە هەر کارێکدا بەگوێرەی ئەنجامەکانت هەڵسەنگاندنت بۆ دەکرێت، بەڵام لە چێڵسی تۆ کۆنترۆڵی تەواوت بەسەر بڕیارەکاندا نییە. ئەمەش شتێکی شێتانەیە!
داهاتووی کورسییەکەی ستامفۆرد بریج
لە دوای رۆیشتنی رۆسێنیۆر، چێڵسی بە شێوەیەکی کاتی کالۆم مەکفارلینی وەکوو راهێنەر تاوەکوو کۆتایی وەرز داناوە. یانە لەندەنییەکە ئێستا بەدوای راهێنەرێکی بەئەزموونتردا دەگەڕێت کە بتوانێت ژووری جلگۆڕین کۆنترۆڵ بکات، و ناوەکانی وەکوو ئاندۆنی ئیراولا و سیسک فابریگاس لە دیارترین پاڵێوراوەکانن.



