
یاریگا –
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ خەریکی داڕشتنی پڕۆتۆکۆڵێکی نوێیە کە تێیدا مەرجی توند و سنووردار بۆ ئەو یارییانە دادەنێت کە خولە ناوخۆییەکان دەیانەوێت لە دەرەوەی خاکی خۆیان بیکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، فیفا بڕیاریداوە هەر خولێکی ناوخۆیی رێگەی پێ دەدرێت لە هەر وەرزێکدا تەنیا یەک یاریی فەرمی لە دەرەوەی وڵاتەکەی بکات، ئەمە دوای ئەوە دێت کە لالیگا و سێریا ئەی لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێکی زۆریان دا یارییەکانی وەکوو بارسێلۆنا v ڤیاڕیاڵ یان میلان v کۆمۆ بەرنە ئەمریکا و ئوسترالیا.

هەر هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووتەڕوو، یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە کە هیچ وڵاتێک بۆی نییە لە وەرزێکدا میوانداری زیاتر لە پێنج یاریی خولە بیانییەکان بکات. ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی خولی ئەمریکی و خولە ناوخۆییەکانی دیکە تاوەکوو لەلایەن زەبەلاحەکانی ئەورووپاوە داگیر نەکرێن. هەروەها فیفا مافی ڤیتۆی دەبێت و دەتوانێت هەر یارییەک رەتبکاتەوە ئەگەر هەست بکات یاریزانان بەهۆی گەشتی زۆر و ماندووبوونەوە تەندروستییان دەکەوێتە مەترسییەوە.

هەروەها فیفا داوا دەکات ئەو یانانەی یارییەکانیان دەبەنە دەرەوە، گرەنتی ئەوە بدەن کە بەشێک لە داهاتەکە بۆ پەرەپێدانی تۆپی پێ بەکاربهێنرێتەوە و قەرەبووی ئەو هاندەرە ناوخۆییانەش بکرێتەوە کە ناتوانن گەشت بکەن بۆ بینینی یارییەکەی یانەکەیان.



