
یاریگا –
داهاتووی ئاندرێس کریستێنسن لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا هێشتا نادیارە و دوای چەندین مانگ لە دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکانێکی سەختەوە، یاریزانە دانیمارکییەکە ئێستا لەگەڵ کارگێڕیی یانە کاتالوونییەکە لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەڵام هەنگاوەکانی سەرەتا بەگوێرەی ویستی هەردوولا نەبوون.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کریستێنسن یەکەم ئۆفەری بارسێلۆنای بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە.
❌ Christensen rechaza la primera oferta del Barça
✍ @RogerTorello https://t.co/UdBkQ7R68D
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) April 19, 2026
کەمکردنەوەی مووچە و مەرجی قورس
بەگوێرەی زانیارییەکانی مۆندۆ، بەرگریکارە 30 ساڵانییەکە یەکەم ئۆفەری بارسیلۆنای بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە کە لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت. بارسێلۆنا بەهۆی کێشە داراییەکان و هەروەها لەبەرچاوگرتنی مێژووی پێکانەکانی یاریزانەکە، ئۆفەرێکی بە مووچەیەکی زۆر کەمترەوە پێشکەش کردووە، هاوکات مەرجی ئەوەشی داناوە کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ساڵێکی دیکە پەیوەست بێت بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری؛ وەکوو ژمارەی یارییەکان.
ئارەزووی مانەوە و چاودێری یانەکانی دیکە
سەرەڕای رەتکردنەوەی گرێبەستەکەی، لەپێشینەوەی کارەکانی کریستێنسن هێشتا مانەوەیە لە کامپ نۆو و بریکارەکەی بەردەوامە لە دانوستان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هانزی فلیک بە گرنگییەوە دەڕوانێتە تواناکانی ئەم بەرگریکارە، بەڵام چەندین یانە لە پرێمەرلیگ، سێریا ئەی و بۆندسلیگا چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ئامادەن ئۆفەری پێشکەش بکەن ئەگەر دانوستانەکانی لەگەڵ بارسا شکستیهێنا.



