
یاریگا –
یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی بە فەرمی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە لە کاتی مۆندیالی 2026 راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەرکەوت نرخی تیکتی شەمەندەفەر بۆ گەیشتن بە یەکێک لە یاریگا سەرەکییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵی.
150 دۆلار بۆ گەشتێکی کورت!
فیفا ئاماژهی بهوهكردووه كه یهكێتیهكه نیگهرانه له بهرزبوونهوهی نرخی تیکتی شەمەندەفەر (چوون و گەڕانەوە) لە ناوجەی نیویۆرکەوە بۆ یاریگای مێتلایف لە نیو جێرزی، كه نرخهكهی گەیشتووەتە 150 دۆلار، فیفا لە بەیاننامەیەکدا ئەم نرخەی بە خۆسەپێن و سەرەڕۆیانە وەسف کردووە، چونکە بەراورد بە نرخە ئاساییەکان زۆر بەرزە.
فیفا: ئەمە هاندەران سارد دەکاتەوە
بەرپرسانی فیفا هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە نرخانە دەبێتە فاکتەرێکی ساردکەرەوە بۆ هاندەران، مۆندیالی 2026 کە بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشدارن، ئامانجی ئەوەیە زۆرترین جەماوەر رابکێشێت، بەڵام گرانبوونی تێچووی گواستنەوە و نیشتەجێبوون خەریکە دەبێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم هاندەرانی وڵاتانی جیاواز.
ئەوەی ئەم کێشەیە قورستر دەکات، ئەوەیە کە یاریگای مێتلایف میوانداری یاری کۆتایی مۆندیالی 2026 دەکات. هاندەران بۆ گەیشتن بەم یاریگایە پشت بە شەمەندەفەر دەبەستن چونکە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەو ناوچەیەدا زۆر قەرەباڵغە. ئەگەر نرخی گواستنەوەی گشتی بەم شێوەیە بمێنێتەوە، تێچووی گەشتێک بۆ هاندهرێك دهگاته ئاستێكی خهیاڵی.
تەنگژەی لۆجستی لە ئەمریکا
سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەیانەوێت سوود لە لێشاوی هاندەران وەربگرن، بەڵام فیفا داوا لە حکومەتە ناوخۆییەکانی ئەمریکا دەکات دەستوەردان بکەن بۆ رێگریکردن لەم گرانکارییە ناڕەوایە.
ئەم کێشەیە تەنیا لە نیویۆرک نییە؛ هاندەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسیان لەوە کردووە کە نرخی هۆتێلەکانیش لە شارەکانی لۆس ئانجلۆس، مێکسیکۆ سیتی و تۆرۆنتۆ لە ئێستاوە بۆ کاتی مۆندیال سێ ئەوەندە بەرزبوونەتەوە.
فیفا لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە تۆپی پێ بۆ هەمووانە و نابێت گواستنەوەی گشتی بکرێتە ئامرازێک بۆ بارگرانی دارایی لەسەر شانی جەماوەر.



