لێدوانەکانی ئاربێلوا دوای کرانەدەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ؛ رەخنەی لە بڕیاری ناوبژیوان هەیە

یاریگا –
ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەشدا بە بایرن میونشن 4-3 دۆڕا و لە چارەکی کۆتایی ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
ئەگەرچی تیمەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوا توانیان تا خولەکی 86 بە یەکسانبوونی کۆی هەردوو یاریی درێژە بە یارییەکە بدەن، بەڵام کارتە سوورەکەی ئێدواردۆ کاماڤینگا هەمووشتێکی گۆڕی و باڤارییەکان سوودیان لە کەمی ژمارە وەرگرت تا لە خولەکەکانی 89 و 4+90 گەیشتنەوە سەر گۆڵی یانەی میوان و پادشاکانی چامپیۆنزلیگ بکەنەدەرەوە.
دوای یارییەکە راهێنەرە ئیسپانیەکە لێدوانی خۆی و بڕیاری ناوبژیوانی بە هۆکاری گەورە زانی لەسەر ئەنجامەکە. ئەمانەی خوارەوە بەشێکە لە لێدوانەکانی ئاربێلوا
کارتە سوورەکەی کاماڤینگا؟
نابێ لەسەر فاوڵێکی لەو شێوەیە یاریزان بکەیتە دەرەوە. پێموایە ناوبژیوان نەیزانی کە کاماڤینگا کارتێکی زەردی هەبوو.
ناوبژیوان یارییەکەی تێکدا.
نەگەیشتن بە نازناوی ژمارە 16ی چامپیۆنزلیگ؟
یاریزانەکانم یارییەکی نایابیان کرد. بەداخەوەم بۆ ئەو هەموو کۆششەیان، بەداخەوەم بۆ هاندەرانمان کە هاتبوونە میونشن، بۆ ئەوانەشی لە ماڵەوە تەماشایان دەکردین کە ئەم وەرزە نازناوی ژمارە 16 نابەینەوە. بەڵام بە شانازییەوە دەگەڕێینەوە بۆ مەدرید چونکە یاریزانەکان هەمووشتێکیان کرد.
ئەو یارییانەی لەم وەرزە ماویانە؟
چی دەکەین؟ بەردەوام دەبین، ئەمە ریال مەدریدە. خولی ئیسپانی زۆر قورس بووە، بەڵام ئێمە تا کۆتا رۆژ دەجەنگین. ناسنامەیەکمان هەیە لەپێناویدا دەجەنگین.
دیسانە لەسەر کارتە سوورەکەی کاماڤینگا
کەس لەو کارتە سوورە تێناگات. نادادپەروەرانە بوو. یارییەکە هەر لەو کارتە سوورەوە کۆتایی هات. بەوەش ئەم ساڵ نازناوی ژمارە 16 نابەینەوە. دڵتەنگم بۆ یاریزانەکانم.
گۆڕانکاریی پێکهاتەی سەرەکیی بۆ یارییەکە؟
من تیمێکم هەڵبژارد بۆ بردنەوە. ئێستاش یاریی بکرێتەوە هەر ئەو پێکهاتەیە دادەنێم. ئێمە بەرامبەر یانەیەکی نایاب یارییمان کرد.
شێوازی دۆڕانەکە؟
ئازار دەچێژین کە بەو شێوەیە دۆڕاین… پیرۆزبایی لە بایرن دەکەین، بەڵام باشتر وابوو بە جۆرێکیتر بدۆڕاباین.
کێ بە تاوانبار دەزانیت؟
هەمیشە کاتێک دەدۆڕێن هەڵەی منە. شانازیی بە یاریزانەکانمەوە دەکەم، بەوەی چۆن لەپێناو ناسنامەی یانەکە یاریان کرد و جەنگی خۆیان کرد.
دەربارەی داهاتووت؟
دوودڵییەکم نییە لەبارەی داهاتوومەوە. یانەکە هەر بڕیارێک بدات قبووڵی دەکەم. من بۆ خۆم بەداخ نیم، بەڵکوو بۆ یاریزانەکانم، بۆ یانەکە و هاندەران بەداخم. پێموابێ هەمووشتێکم کردوو تا یانەکەم یارییەکان بباتەوە.



