قرشەکە گازی لە ئاتلێتیکۆ گرت؛ فلیک ددانی شکاند
شەوی درەوشانەوە و بێهیوایی؛ بۆچی فێران تۆرێس لە فلیک تووڕەیە؟

یاریگا –
فێران تۆرێس، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، دوای پێشکەشکردنی یەکێک لە باشترین یارییەکانی ئەم وەرزەی، بە دڵتەنگی و تووڕەییەکی زۆرەوە یاریگای میترۆپۆلیتانۆی جێهێشت.
رۆژنامەی سپۆرتی کاتالوونی لە راپۆرتێکدا هۆکاری تووڕەیی تۆرێس لە دوای گۆڕانکاریپێکردنی لە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید رووندەکاتەوە.
🔴 Historia SPORT
😠 La rabia justificada de Ferran Torres tras el Atlético-Barça en el Metropolitano
✍️ @scapde_45 | @Albertgrl96 https://t.co/f6EQDbr7D5
— Diario SPORT (@sport) April 15, 2026
لە وشکەساڵییەوە بۆ درەوشانەوە
تۆرێس کە ماوەیەک بوو بەدەست کەمیی گۆڵکردنەوە دەیناڵاند، لە یاری دێربی بەرامبەر ئیسپانیۆل بە دوو گۆڵ گەڕایەوە سەر رێگای راست، ئەمەش وایکرد هانزی فلیک متمانەی پێ بکات و لە یارییە گرنگەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید وەکوو سەرەکی یاری پێ بکات. بڕیارەکە لە جێی خۆیدا بوو؛ لە خولەکی چواری یارییەکە، تۆرێس ئەسیستێکی جوانی بۆ لامین یامال کرد، و لە خولەکی 23ـشدا بە کۆنترۆڵێکی ناوازە و لێدانێکی ورد، گۆڵی دووەمی بۆ بارسا کرد.
خولەکی 65؛ ساتەوەختی تووڕەبوونەکە
تۆرێس لە ناوەڕاستی گێمی دووەمدا لەوپەڕی ئامادەیی جەستەیی و دەروونیدا بوو، تەنانەت گۆڵێکی دیکەشی کرد بەڵام بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە. بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و لەناکاو، فلیک بڕیاریدا تۆرێس بکاتە دەرەوە و رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بخاتە شوێنی. ئەمەش قرشەکەی بەتەواوی تووڕەکرد.
دوای تەوقەکردن لەگەڵ فلیک، تۆرێس بەوپەڕی تووڕەییەوە بتڵێکی ئاوی فڕێدایە سەر کورسی یەدەک، چونکە پێی وابوو هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ گۆڕینی لە کاتێکدا لە لووتکەی ئاستیدا بوو و تیپەکە پێویستی پێی بوو.
گۆڕانکارییەک کە زیانی بە بارسا گەیاند
پێدەچێت تووڕەییەکەی تۆرێس پاساوی خۆی هەبێت و بە هاتنە دەرەوەی ئەو و گاڤی، بارسێلۆنا ئەو فشارە بەرزە و کەسایەتییەی لەدەستدا کە لەسەرەتای یارییەکەوە هەیبوو. نە لێڤاندۆڤسکی و نە راشفۆرد نەیانتوانی بە باشی بچنە ناو کەشی یارییەکەوە. لە کۆتاییدا، هەرچەندە تۆرێس سەلماندی کە دەتوانێت لە یارییە گەورەکاندا بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بەڵام نەیتوانی فرمێسک و تووڕەییەکەی بشارێتەوە کاتێک فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدرا.



