دوای شکستە سەختەکە؛ لامین یامال پەیامێک بڵاودەکاتەوە
"چامپیۆنزلیگ دەگەڕێنینەوە بارسێلۆنا"

یاریگا –
دوای ماڵئاواییکردنە تاڵەکەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ، لامین یامال، ئەستێرە لاوەکەی یانە کاتالوونییەکە، لە پەیامێکی پڕ لە سۆز و متمانەدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، رووی دەمی کردە هاندەران و بەڵێنی گەڕانەوەی شکۆی بۆ یانەکە دووپاتکردەوە.
یامال لە سەرەتای پەیامەکەیدا دڵتەنگی خۆی پێشاندا، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم شکستە تەنیا وێستگەیەکە لە گەشتێکی درێژخایەندا و نووسیویەتی؛
هەموو هەوڵێکی خۆمان دا، بەڵام بەس نەبوو و ئەمە تەنیا بەشێکە لە گەشتەکە؛ بۆ ئەوەی بگەیتە لووتکە دەبێت سەرکەویت، ئێمەش دەزانین کە کارێکی ئاسان نابێت و بۆمان ئاسانیش ناکەن، بەڵام کۆڵدان بژاردەی ئێمە نییە.
سەرەڕای بێهیوایی هاندەران، بەهرەمەندەکەی بارسا، پێی وایە یانەکەی هۆکاری زۆری لەبەر دەستە بۆ ئەوەی گەشبین بێت بە داهاتوو. یامال ئاماژەی بەوە کرد کە تیپەکە لە هەر شکست و هەڵەیەک وانەی نوێ فێر دەبێت و وەکوو هەلێک بۆ بەهێزتربوون بەکاریدەهێنن.
هۆکاری زۆر و تەواومان هەیە بۆ ئەوەی بە هیوایەکەوە بمێنینەوە و هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ بەدیهێنانیان دەدەین، هەر هەڵەیەک وانەیەکە، گومانتان نەبێت کە لە هەریەکێکیانەوە فێر دەبین.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، لامین بە دەستەواژەیەکی بەهێز کە گوزارشت لە پەروەردەی خێزانیی خۆی دەکات، بەڵێنێکی گەورەی بە هاندەران دا.
ئێمە بارساین، دەگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە شایستەمانە. دایک و باوکم فێریان کردووم کە پیاو دەبێت هەمیشە پابەندی بەڵێنەکەی بێت و چامپیۆنزلیگ دەگەڕێنینەوە بارسێلۆنا.
بۆ هەمیشە بارسا.



