چامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

تاکتیکەکانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ؛ دوو جۆر لە مەترسیی تۆپە جووڵاوەکان

یارییەکی کۆتایی پڕ لە لێکچوون و جیاوازی

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ، یارییەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی پڕ لە لێکچوون و جیاوازییە.

وەکوو دوو پاڵەوانی نێوخۆیی وەرزی 2025-2026 کە لە لایەن لویس ئێنریکێ و میکێل ئارتێتاوە سەرپەرشتی دەکرێن، ئەمە دەبێتە چوارەمین یاریی کۆتایی لەنێوان دوو راهێنەری سەر بە هەمان وڵات و یەکەمین یاریی کۆتاییشە کە لەنێوان دوو راهێنەری ئیسپانییدا بەڕێوە بچێت، پێشتریش هیچ کاتێک رووبەڕووبوونەوەی ئینگلتەرا و فەڕەنسا لەسەر نازناوێکی گەورەی ئەوروپی نەبووە.

ئایا دواجار ئارسیناڵ بەناوبانگترین جامی یانەکان دەباتەوە، یان پاریس سانجێرمان چاو لە ریال مەدرید دەکات کە لە وەرزی 2015-2016ـەوە سێجار لە دوای یەک بردییەوە، تاوەکوو ببێتە دووەمین پاڵەوان کە لە سەردەمی چامپیۆنزلیگدا نازناوەکە بپارێزێت، ئەمە بەندە بەوەی کێ ئەمشەو (شەممە) لە بوداپێست پلانی یارییەکەی باشتر جێبەجێ دەکات. ئەمە یارییەکی خاوەن شێوازی دژبەیەکە، هاوشێوەی ساڵێک لەمەوبەر کاتێک پاریس سانجێرمان لە میونشن بە ئەنجامی 5-0 بەسەر ئینتەردا سەرکەوت، کە گەورەترین جیاوازیی سەرکەوتن بوو لە مێژووی یاریی کۆتایی جامی ئەوروپا/چامپیۆنزلیگدا.

لێرەدا ئەو توخمە تاکتیکییانە دەخەینە روو کە دیاری دەکەن کێ نازناوەکە دەباتەوە زێدی خۆی.

هێرشی مەترسیدار بەرامبەر بەرگریی پۆڵایین

لە رووی جیاوازیی گۆڵەوە، هەردوو لایەنەکە نزیکەی بە تەواوی هاوسەنگن.

جیاوازییەکە ئەوەیە کە پاریس سانجێرمان لەو یارییانەدا سەرکەوتووە کە گۆڵی زۆریان تێدا تۆمارکراوە، چونکە لویس ئێنریکێ دەیەوێت تیمەکەی کۆنترۆڵی تۆپ و یاریگا بکات، بەو پێیەی لە تەواوی یاریگادا خاوەنی گۆڵکارن.

ئارسیناڵ پاشای یەکلاکردنەوەی یارییەکانە بە ئەنجامی بچووک، کە بەهۆی لایەنی جەستەیی، فشار و کۆنترۆڵی بەرگریی تۆپەوە لە رکابەرەکانی دەباتەوە. بۆ نموونە یارییەکانی چوونی قۆناخی پێشکۆتاییان لە مانگی رابردوودا وەربگرە: پاریس سانجێرمان لە یارییەکی کلاسیکیی سەرنجڕاکێشدا لە باخچەی شازدەکان بە ئەنجامی 5-4 لە بایرن میونشنی بردەوە، لە کاتێکدا ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید یەکسان بوو، کە هەردوو گۆڵەکەش بە لێدانی سزا بوون.

بەراوردی ئاماریی هەردوو رکابەرەکە
ئامارەکانپاریس سانجێرمانئارسیناڵ
بردنەوە1011
یەکسانبوون43
دۆڕان20
گۆڵکردن4429
گۆڵلێکران 226
جیاوازیی گۆڵ 2223
کلین شیت59

هەردوو شێوازەکە بە یەک رادە دروست و کاریگەرن.

پێویستە بیرمان بێتەوە، تەنانەت لەگەڵ مەیلی پاریس سانجێرمان بۆ گەیشتنە لووتکەی ئاستی لە کۆتایی وەرزدا، ئارسناڵ لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کە لە 8 یاری پێکهاتبوو تاوەکوو مانگی کانوونی دووەم بێخەوش بوو، لە کاتێکدا پاریسییەکان بەدەست کێشەوە دەیان ناڵاند. لەو 8 یارییەی سەرەتادا بە ئەنجامی 2-1 بەرامبەر هەردوو یانەی بایرن و سپۆرتینگ شکستیان هێنا (دوو تیم کە ئارسیناڵ لەم وەرزەدا سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێناون)، هەروەها لەلایەن ئاتلێتیک بلباو و نیوکاسڵ یونایتدەوە خرانە داوی یەکسانبوون، کە ئەمەی دواییان شێوازی یاریکردنی بۆ پێنج بەرگریکار گۆڕی و هێڵی هێرشبەریی پاریس سانجێرمانی پەکخست و ناچاری کردن پەنا ببەنەبەر لێدانی دوورمەودا.

ئەمە دەبێتە تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ ئەوەی بزانرێت هێزی باڵای کام لایەن باشترە.

ئارسیناڵ خاوەنی بەهێزترین بەرگریی چامپیۆنزلیگە. لەم وەرزەدا لە کۆی 14 یاری تەنیا 6 گۆڵیان لێکراوە (کە 2 دانەیان بە لێدانی سزا بووە)، بەبێ لێکرانی هیچ گۆڵێک لە یاریی کراوەدا لە 6 رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی یەکلاکەرەوەدا گەیشتنە یاریی کۆتایی و لە تەواوی پاڵەوانییەتییەکەدا تەنیا بۆ ماوەی 43 خولەک لە دواوە بوون، ئەویش لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر بایەر لیڤەرکوزن لە یاریی چوونی قۆناخی 16 بوو.

دەیڤید رایا وەرزێکی سەرنجڕاکێشی بەڕێکردووە، بە پێشکەشکردنی ئەو جۆرە ئاستە لە گەڕاندنەوەی تۆپەکان کە جیانلویجی دۆناروما وەرزی رابردوو بۆ پاریس سانجێرمان نیشانی دابوو.

بەگوێرەی داتاکانی گۆڵی چاوەڕوانکراو لە دوای لێدان، گەڕاندنەوەکانی ئەم گۆڵپارێزە ئیسپانیاییە بە بەهای 5 گۆڵ بوون بۆ ئارسناڵ. جێی سەرنجە، ئەو 3 گۆڵە کە لە دژی تۆمارکراون و پێناڵتی نین، هەموویان لێدانی بەرز بوون، ئەو زۆر چالاکە و بە شێوازێکی نایاب بۆ تۆپە نزمەکان دادەبەزێت، بە تایبەتی ئەوانەی دەچنە لای چەپی.

دەیڤد رایا لەگەڵ ئارسیناڵ

پاریس سانجێرمان لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا بردنەوەی لە یانە ئینگلیزییەکان کردووە بە خوو. تەواوی یانەکانی تۆتنهام، ئاستۆن ڤێلا، مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول (2 جار)، چێڵسی و ئارسیناڵ لە رووی ئاست و ئەنجامەوە سەرکەوتنی بەسەریاندا بەدەستهێناوە.

بەپێچەوانەی تیمی ساڵانی پێشوویان، ئەم نەوەیەی ئێستای پاریس سانجێرمان لە رووی جەستەیییەوە ناوازەن و لویس ئێنریکێ یاریزانەکانی لە خولی فەڕەنسیدا، کە کەمتر ماندووکەرە و بچووکترە (18 تیم بەرامبەر بە 20 تیمی پرێمەرلیگ) پشوو پێدەدات بۆ مسۆگەرکردنی ئەوە.

جواو نێڤیشی یاریزانی ناوەڕاستی باڵاکورت، زۆرترین ململانێی جەستەیی (134) لەنێوان هەر یاریزانێکی ناوەڕاستی دیکە لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا هەبووە.

جووڵەی پێچەوانەی پاریس سانجێرمان و فشاری ئارسیناڵ

کاتێک ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمان وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێشکۆتایی ئەم پاڵەوانییەتییەدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، بگۆڕیی هێڵی هێرشبەری بوو کە بۆ پاڵەوانی فەڕەنسا یەکلاکەرەوە بوو، پێشکەوتنی 1-0ـی یاریی چوون لە گەشتەکەیاندا بۆ باکووری لەندەن، گۆڕا بۆ سەرکەوتنێک بە ئەنجامی 3-1 لە هەردوو یارییدا.

لەگەڵ فشاری ئارسیناڵ بۆ سەر یانەی میوان لە رێگەی شێوازی 4-4-2ـی بەرگریی ناوەڕاست، یاریزانانی ناوەڕاستی پاریس سانجێرمان جووڵەی پێچەوانەی زیرەکیان بەکارهێنا بۆ تێکشکاندنی ئەو چاودێرییە توندە یاریزان بەرامبەر یاریزانەی کە رووبەڕووی ببوونەوە و تاکە گۆڵی یاریی یەکەمیان دروست کرد.

جووڵەکانی فابیان رویز و ڤیتینیا رێگەیان بە عوسمان دێمبێلێ دا کە وەکوو هێرشبەری ساختە بێتە دواوە و پاسێکی فشارشکێن وەربگرێت.

خودی گۆڵەکە بە کردەوە وەکوو یەک-دووییەکی درێژ بوو لەنێوان دێمبێلێ و خڤیچا کڤاراتسخێلیا، کە تێیدا ئەوەی یەکەمیان بە لێدانێکی پێی چەپ گۆڵەکەی کرد لە ئەنجامی پاسێکی نزم و بە پانیی یاریگا لەلایەن دووەمینیانەوە.

پاریس سانجێرمان ناوچەی سزای بە باشی چڕ کردبووەوە، ئەمەش شتێکە کە ئەوان بە شێوازێکی بەردەوام دەیکەن. دێکلان رایسی یاریزانی ناوەڕاستی بەرگری دڵنیاییدا لەوەی لەگەڵ یوڕیان تێمبەر بە جووتە چاودێریی کڤاراتسخێلیا بکەن، ئەمەش وایکرد عوسمان دێمبێلێ بەتەنیا و ئازاد بمێنێتەوە. ئارسناڵ لەو دۆخەدا پاریس سانجێرمانی سنووردار کردبوو بۆ کەمترین لێدانی مەترسیدار، بەڵام گۆڵەکەی هەر لێکرا.

ئارسیناڵ دەبێت چارەی باڵە فڕیوەکانی بەرگریی پاریس سانجێرمان بکات.

ئەشرەف حەکیمی سەرەڕای پێگە رووکەشییەکەی لە هێڵی بەرگریدا، کەمجار لە دواوە یان لە لای راست دەمێنێتەوە. لەبری ئەوە، زۆربەی کات لە پێشەوە و لە ناوەڕاستی یاریگادا وەکوو یاریزانێکی ناوەڕاستی زیادە دەردەکەوێت، بۆ ئەوەی لە پشت باڵی راستەوە بە راکردن دزە بکات. ئەو مەترسییەکی بەردەوامیشە بۆ سەر گۆڵ، بەو پێیەی گۆڵی یەکەمی لە یاریی کۆتایی ساڵی رابردوو کرد، لەپاڵ ئەوەی سەرچاوەیەکی جێگەی متمانەیە بۆ هەڵدانی تۆپ بۆ ناوچەی سزا.
لەلای بەرامبەردا، مێندێش رۆڵێکی هاوشێوە دەبینێت، ئەگەرچی بە شێوازێکی کەمتر بەردەوام؛ چونکە هەندێکجار لە دواوە دەمێنێتەوە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە کاتی پێشڕەوییەکانی حەکیمیدا. (هەروەها پێویستە ئارسیناڵ ئاگاداری ئاراستەکرندی تۆپی درێژی مێندێش بێت لە قووڵایی یاریگاوە بۆ ناوەڕاستی یاریگا).

ئەوە گرنگە بەهۆی ئەوە شێوازەی ئارسیناڵ ئارەزوو دەکات فشاری پێوە بکات.

ئارسیناڵ بە گشتی بوکایۆ ساکای باڵی راست رادەسپێرێت بۆ فشارکردن لەسەر دڵی بەرگری و بەرگریکاری راستی خۆشیان بەرامبەر بەرگریکاری چەپی رکابەرەکەیان جێگیر دەکەن.

ئەمە شێوازێکی زۆر کاریگەرە بۆ ئارسناڵ.

لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، 79 جار لە سێیەکی کۆتایی یاریگادا لە لایەن ئارسناڵەوە تۆپ وەرگریراوەتەوە، کە لەم رووەوە تەنیا لە دوای پاریس سانجێرمان و بایرن میونشنەوە دێن، چارەکێکی ئەو تۆپ وەرگرتنەوانەش راستەوخۆ بوونەتە هۆی لێدان بۆ نێو گۆڵ.

ئەو تاکە گۆڵەی کە لە رێگەی وەرگرتنەوەی تۆپ لەپێشەوە بەدەستیان هێنا زۆر گرنگ بوو: گۆڵی دووەمیان بوو لە بردنەوەی 3-1ـی نێو یاریگای خۆیان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر بایرن لە مانگی تشرینی دووەمدا. دێکلان رایس پاسێکی ناوەڕاستی یاریگای پچڕاند و لە رێگەی ئێبێرێچی ئێزێوە، ریکاردۆ کالافیۆری لە چەقەوە ئازاد کرا؛ ئەویش تۆپێکی خستەناوەوە بۆ نۆنی مادوێکێ تاوەکوو بە ئاسانی گۆڵەکە بکات.

لایەنە نەرێنییەکەی فساری هێرشبەرانەی ئارسیناڵ ئەوەیە کە دەکرێت لە هێڵی ناوەڕاستی یاریگادا لەبەردەم سێ هێرشبەرە خێرا و مەترسیدارەکەی پاریس سانجێرماندا بە ژمارە کەمی بەرگری بمێننەوە. ئەمەش بە تایبەتی لەبەر ئەوەیە کە ستراتیژیی فشاری باوی ئەوان هێنانی بەرگریکاری راستە بۆ پێشەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دڵێکی بەرگری لەگەڵ کڤاراتسخێلیادا بەتەنیا و بێ پاڵپشتی بمێننەوە. لیڤەرپوول پێشتر بە رێگا قورسەکە تێگەیشت کە ئەمە بیرۆکەیەکی چەندە خراپە.

بەڵام ئەوەی پێویستە میکێل ئارتێتا قایل بکات تاوەکوو بەردەوام بێت لەسەر ئەم پلانە، بریتییە لەوەی کە یاریزانەکانی چەندە بە نایابی فشاریی تاکەکەسییان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە مانگی نیساندا کرد. کای هاڤێرز رێگری لە پاسەکەی دۆناروما کرد بۆ کردنی گۆڵی یەکسانبوون لە دۆخێکی تاوەکوو رادەیەک سەیردا، ئارسیناڵیش لە 20 خولەکی یەکەمی ئەو یارییەدا 6 تۆپی لە سێیەکی کۆتاییدا وەرگرتەوە، کە ئەمەش زۆرترین رێژەیە لە لایەن هەر تیمێکەوە لە دژی سیتی لە پرێمەرلیگ و لە ماوەی 8 وەرزی رابردوودا.

پێکهێنانی هێڵی هێرشبەری

چاوەڕوان دەکرێت لویس ئێنریکێ، کڤاراتسخێلیا (لای چەپ) و دێزیرێ دووێ (لای راست) وەکوو باڵەکانی پێکهاتەکەی بە سەرەکی دابنێت، لەگەڵ عوسمان دێمبێلێ لە پێگەی ژمارە 9. بە هەمان شێوە، هێڵی ناوەڕاستی پاریس سانجێرمان کە لە سێینەیەکی زۆر هاوسەنگ پێکهاتووە رویز، نێڤیش و ڤیتینیا، یاریی دەکەن. پاریس سانجێرمان لەم وەرزەدا بۆ ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکان لە ران و پاشان پێکان لە ئەژنۆیدا بێ فابیان رویز بوو، بەڵام گەڕانەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتاییدا سەقامگیرییەکی زۆری بە تیمەکە بەخشی، لە کاتێکدا ئاڵوگۆڕەکانی بۆ لای چەپ پرۆسەی بنیاتنانی هێرشەکانی باشتر کرد.

ئارسیناڵ دەبێت بە باشی بەرامبەر کڤاراتسخێلیا بەرگری بکات، کە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 10 گۆڵی کردووە، 7 دانەیان (لەگەڵ 3 ئەسیست) لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکاندا بوون. دەکرێت بۆ یوڕیان تیمبەر قورس بێت کە ئەمشەو سەرەکی ببێت، چونکە لە سەرەتای مانگی ئازارەوە بەهۆی پێکان لە ناوچەی بنڕان یاریی نەکردووە، ئەگەرچی تواناکانی لە بەرگریی تاکەکەسی (یەک بەرامبەر یەک) نموونەیین، بەڵام وەکوو چۆن لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر سیتی کردی، دەکرێت ئارتێتا، کریستیان مۆسکێرای دڵی لە پێگەی بەرگریکاری راستدا بەکاربهێنێت.

خڤیچا کڤاراتسخێلیا، هێرشبەری پاریس سانجێرمان

بۆ ئارسناڵ، پلانەکان کەمتر جێگیر و دیاریکراون.

دەکرێت ئێزێ وەکوو باڵێکی ساختە لەلای چەپەوە بجووڵێت تاوەکوو ببێتە یاریزانێکی ژمارە 10ـی زیادە لە ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا لیاندرۆ ترۆسارد توانایەکی باش لە ناردنی تۆپ بە هەردوو پێ بۆ ناوچەی سزا پێشکەش بکات. رەنگە کای هاڤێرتز وەکوو ژمارە 9 لەپێشینە بێت بەهۆی ئاستی بەرزی تەکنیکیی رکابەرەکەی ئارسناڵ و توانای فشاری پاریس سانجێرمان، کە ئەمەش پێویستی بە ناردنی پاسی درێژ دەبێت بۆ هێڵی پێشەوە تاوەکوو لە فشار رزگاریان بێت.

مشتومڕێکیش بۆ بەکارهێنانی خێڕایی و راکردنەکانی ڤیکتۆر یۆکێرێش لە نێوان هێڵەکاندا هەیە. ئەو رۆڵێکی باشی لە راگرتنی تۆپ لە بردنەوەی 1-0 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتاییدا بینی. شێوازی هێرشبەریی پاریس سانجێرمان بۆشایی جێدەهێڵێت بۆ قۆستنەوە، ئەمەش شتێک بوو کە چێڵسی توانی بە شێوازێکی کاریگەر لە گێمی یەکەمی رووبەڕووبوونەوەی قۆناخی 16 لە پاریس لە مانگی ئازاردا کاری لەسەر بکات، یارییەک کە تێیدا دوای 70 خولەک تەنیا 3-2 لە دواوە بوون پێش ئەوەی لە قۆناخەکانی کۆتاییدا تێکبشکێنرێن.

هەردوو تیمەکە خاوەنی یاریزانی یەدەگی کاریگەرن لە باڵی چەپدا

برادلی بارکۆلای پاریس سانجێرمان خێڕایی راستەوخۆ و راکردن لە پشت بەرگریکارانەوە پێشکەش دەکات، کە ئەمەش دەکرێت لە کاتی ماندووبوونی کۆتایی یارییەکەدا ببێتە هۆکارێکی یەکلاکەرەوە. گابریێل مارتینێلی خاوەنی تایبەتمەندییەکی هاوشێوەیە و بە 6 گۆڵ و 2 ئەسیست، بەهێزترین هێرشبەری ئارسیناڵ بووە لەم وەرزەی ئەوروپادا، بڕینی هێڵەکان و خێرابوونی لە هێرشە پێچەوانەکاندا دەیکەنە چەکێکی بەهادار لەسەر کورسیی یەدەگ.

مەترسیی تۆپە جێگیرەکان

لە 10 یاریی کۆتایی رابردووی چامپیۆنزلیگدا، تەنیا دوو گۆڵ لە قۆناخی یەکەمی لێدانی کۆرنەرەوە کراون: سادیۆ مانێ بۆ لیڤەرپوول بەرامبەر ریال مەدرید لە ساڵی 2018 و دانی کارڤاخال دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ ریال مەدرید بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند.

گۆڵەکەی دیڤۆک ئۆریگی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنەکەی لیڤەرپوول بە ئەنجامی 2-0 بەرامبەر تۆتنهام لە یاریی کۆتایی وەرزی 2018-2019، وەکوو دەرفەتێکی قۆناخی دووەمی لێدانەکە هەژمار دەکرێت. ئەم دۆخانە زۆربەی کات پێش یارییەکە وەکوو توخمی یەکلاکەرەوەی ئەنجامەکە سەیر دەکرێن، بەڵام کەمجار وا دەردەچن.

ئەگەر تۆپە جێگیرەکان ئەنجامی یارییەکە لە بوداپێست یەکلا بکەنەوە، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئارسیناڵ توانیویەتی زانیویەتی چۆن کۆرنەرەکان لە چامپیۆنزلیگدا جێبەجێ بکات.

ئەگەرچی ئەوان لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا 19 جار لە کۆی 215 کۆرنەردا گۆڵیان کردووە، کە ئەمەش زۆرترین رێژەی هەر تیمێکە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا، بەڵام تەنیا سێ گۆڵی لەو شێوەیە لە کۆی 75 لێدانی کۆڕنە لە چامپیۆنزلیگ بەرهەم هاتوون. ئەمەش بەهۆی بوونی یاسای توندترەوەیە لەسەر رێگریکردن و ململانێی جەستەیی لە ناوچەی سزادا لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا.

سەرەڕای ئەوەش، داتاکانی GeniusIQ نیشانی دەدەن کە دێکلان رایس 4.3 گۆڵی چاوەڕوانکراوی لە کۆرنەرەکانەوە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا دروستکردووە، کە ئەمەش زیاترە لە هەر یاریزانێکی دیکە.

مشتومڕێک هەیە کە سەرەتای سەرهەڵدانی دیاردەی ئاراستەکردنی تۆپی درێژ لە پرێمەرلیگی ئێستادا، لە ئاراستەکردنی تۆپەکانی ئارسیناڵەوە بۆ نێو ناوچەی سزا دەستی پێ کرد، کاتێک لە ئایاری رابردوودا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتاییدا لە پاریس بە ئەنجامی 2-1 دۆڕان.

ئەم تاکتیکانە؛ ئاراستەکردنی تۆپی درێژ و سووڕاندنی کۆڕنەکان بۆ ناوەوە لەلایەن ئەوانەوە، شایەنی ئەوەن ئەمشەو دووبارە بکرێنەوە. پاریس سانجێرمان تیمێکی باڵابەرز نین و ماتڤی سافۆنۆڤی گۆڵپارێزیان لەبەردەم تۆپە بەرزەکاندا ناجێگیر دیار بووە، لە یارییە ئەوروپییەکاندا زیاتر تۆپەکانی بە بۆکس دوورخستووەتەوە (14 جار) وەک لەوەی بییانگرێتەوە (10 جار).

ئارسیناڵ پێویستە لە رووی دەروونییەوە بە تەواوی بەئاگا بێت بۆ کۆرنەرە کورتەکانی پاریس سانجێرمان. ئەوان زۆربەی کات ئەم شێوازە بەکاردەهێنن (50 کۆرنەر لە کۆی 90 کۆرنەری چامپیۆنزلیگ بە شێوازی کورت بوون)، تاوەکوو گۆشەی باشتر بۆ ناردنی تۆپ بۆ ناوچەی سزا دروست بکەن و ئەم تۆپە جێگیرانە لە ململانێیەکی جەستەیییەوە بگۆڕن بۆ ململانێی تەکنیکی.

جێگەی سەرنجە، ئەو یاریزانەی کە پێویستە ئارسیناڵ بە باشترین شێوە ئاگاداری بێت جواو نێڤیشە، کە بە باڵای 174سم بەگشتی لەنێوان بچووکترین یاریزانەکانی نێو یاریگایە، بەڵام لە راکردنەکانیدا بە شێوازێکی بڕواپێنەکراو زیرەکە. تەنیا نیکۆلاس ئۆتامێندیی دڵی بەرگریی بێنفیکا (بە 18 جار)، زیاتر لە نێڤیش (بە 16 جار) هەوڵی گۆڵکردنی لە تۆپە جێگرەکانی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2025-2026 هەبوو.

نێڤیس پێشتریش ئەم توانایەی خۆی چەندین جار سەلماندووە؛ وەرزی رابردوو گۆڵێکی بە لێدانی سەری خۆهەڵدان لە لێدانێکی ئاراستەوخۆوە لە بردنەوەی 4-2ـی قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر مانچێستەر سیتی کرد، لە یارییەکانی ئەمساڵیشدا لە کاتی بردنەوەی 5-4 بەرامبەر بایرن میونشن لە قۆناخی پێش کۆتاییدا، راکردنێکی نایابی بۆ ستوونی نزیک گۆڵ کرد و بە لێدانی سەر گۆڵی کرد.

گرنگترین خاڵ؟ دەستپێکی خێرا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. لە دوای ریال مەدرید لە ساڵی 2014, واتە 11 یاریی کۆتایی لەمەوبەر، هیچ تیمێک کە گۆڵی یەکەمی لێکرابێت نەیتوانیوە بگەڕێتەوە و نازناوەکە بەرز بکاتەوە.

پاریس سانجێرمان لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا زیاتر لە هەر تیمێکی دیکە، جگە لە نیوکاسڵ، گۆڵی پێشوەختی کردووە، لەوانەش گۆڵێکی زووی کوشندە لە خولەکی سێی یاریی گەڕانەوە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر بایرن میونشن، کە توندیی یارییەکەی کەم کردەوە و یارییەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەوە.

ئەگەر ئارسیناڵ ئەمرۆ لە سەرەتاوە بە خۆڕاگری بمێنێتەوە، ئەوا بینەری یارییەکی کۆتایی راستەقینە و مێژوویی دەبین.

بابەتی زیاتر

Back to top button