مەکینەکەی کۆمپانی ناوەستێت؛ بایرن میونشن هەڕەشە لە مێژووەکەی ریال مەدرید دەکات
17 گۆڵ بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ

یاریگا –
ئاستی ئەم وەرزەی بایرن میونشن هەمووان دەترسێنێت؛ دوای ئەوەی یانە باڤارییەکە رۆژی شەممەی رابردوو ژمارەی پێوانەیی گۆڵکردنی لە مێژووی بۆندسلیگادا شکاند، ئێستا هەڕەشە لە ریال مەدریدی خاوەن ریکۆردەکانی سەردەمی مۆرینھۆ دەکات.
شکاندنی ریکۆردی ئەڵمانیا و چاوتێبڕین لە ئەوروپا
بە سەرکردایەتی ڤینسێنت کۆمپانی و دوای بردنەوەی 5-0 لە یانەی سانت پاولی، بایرن میونشن کۆی گۆڵەکانی لەم وەرزەی بۆندسلیگا گەیاندە 105 گۆڵ، و ژمارە پێوانەییە کۆنەکەی کە 101 گۆڵ بوو، تێپەڕاند.
ئێستا ئامانجی داهاتووی باڤارییەکان گەورەترە؛ دەیانەوێت پێشەنگی گۆڵکردن لە ریال مەدریدی وەرزی 2011 – 2012، کە 121 گۆڵ بوو، بسەننەوە. بۆ گەیشتن بەم خەونە، بایرن پێویستی بە 17 گۆڵ هەیە و پێنج یاریش لە خولەکە ماوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تێکڕای گۆڵەکانیان 3.6 گۆڵە لە هەر یارییەکدا، گەیشتن بەم ژمارەیە شتێکی چاوەڕوانکراوە.
کابووسێک بۆ ریال مەدریدی ئاربێلۆا
هێزی هێرشبردنی بایرن بێسنوورە، بوونی ئەستێرەکانی وەکوو مایکڵ ئۆلیس، سێرجی گنابری، لویس دیاز و هاری کەین وایکردووە تیپەکە لە سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەدا گۆڵ بکات، ئەمەش ئەرکی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی ئالیانز ئارێنا زۆر قورس دەکات، چونکە پاراستنی تۆڕی گۆڵەکەیان بەرامبەر بەم ئامێرە گۆڵکارە کارێکی نزیکە لە ئەستەم و یانەی شاهانە پێویستی بەوەیە لانیکەم دوو گۆڵ بۆ گەڕانەوە لە ئەنجامەکە، بکات.



