بەر لە لووتکەی چامپیۆنزلیگ؛ لامین داوایەک لە سیمیۆنی دەکات و فلیک پەیامێک بۆ یاریزانەکانی دەنێرێت
گرنگترین لێدوانەکانی لامین یامال و هانزی فلیک

یاریگا –
پێش رووبەڕووبوونەوە چارەنووسسازەکەی نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید، کەشی پێش یارییەکە پڕ بووە لە لێدوانی ئاگرین و پەیامی تاکتیکی.
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا، بە متمانەیەکی زۆرەوە چاوەڕێی یارییەکەیە و پەیامێک ئاراستەی راهێنەری رکابەر دەکات، لە کاتێکدا هانزی فلیک جەخت لەسەر هاوسەنگی و ئازایەتی دەکاتەوە.
یامال: چاوەڕێی چاکەیەکم لە سیمیۆنی
ئەستێرە لاوەکەی بلاوگرانا هیچ ترسێکی بەرامبەر تاکتیکە بەرگرییە توندەکانی دیێگۆ سیمیۆنی پێشاننەدا و بە بێرییەوە گوتی؛
هەستێکی زۆر باشم هەیە، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی یارییەکەی سبەی ‘ئەمڕۆ’ـم، و بێگومان پاڵنەری زۆرم بۆی هەیە، نازانم، هیوادارم بتوانم گۆڕانکارییەک دروست بکەم. با ببینین چۆلۆ [دیێگۆ سیمیۆنی] چاکەیەکم لەگەڵ دەکات و دەمخاتە دۆخی یەک بەرامبەر یەک لەگەڵ رکابەرەکەم. هیوادارم وا بکات.
سەبارەت بە هەڵگرتنی ئەو بارە قورسە لەم تەمەنەدا، یامال وەکوو یاریزانێکی پێگەیشتوو وەڵامی دایەوە؛
بەو رادەیە بەبەخت بووم کە لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە، ناچار بووم بەرپرسیارێتییەکی زیاتر لەوەی پێویست بوو بگرمە ئەستۆ، بۆیە تەواو راهاتووم و بیر لەوە ناکەمەوە ئەوانی دیکە بە هەمان قۆناخدا تێپەڕیون، تەنیا تیشک دەخەمە سەر چێژوەرگرتن لێی، وەکوو کێشە نەیبینم بەڵکوو وەک هێزێک بیبینم و چێژ لە هەر ساتێکی ئەو کاتانە دەبینم کە لەگەڵ هاوتیمەکانم بەسەریدەبەم و ئەو هەموو متمانەیەی پێم دەدەن چونکە لای من ئەوە وەکوو ئاڵتوون بەنرخە و سوپاسگوزاریانم بۆ هەموو شتێک.
پلانەکەی فلیک: بەرگریی پۆڵاین و هێرشی بەردەوام
لە بەرامبەردا، هانزی فلیک، بە وردی باسی لە شێوازی یاریکردنی تیپەکەی کرد بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکەی سیمیۆنی.
پێویستمان بە بەرگرییەکی زۆر زۆر بەهێز و جێگیر هەیە، بەڵام هاوكات دەبێت لە هێرشبردندا ئازا بین، بۆیە دەبێت هێرش ببەین، فشار بکەین بەڵێ، رەنگە هەموو هەلێک بقۆزینەوە, پێم وایە کاتێک سەیری یاریی پێشوو دەکەیت ئەمە جیاوازی نێوان ئێمە و ئەوان بوو، بەڵام لە کۆتاییدا بەو جۆرەیە رەنگە سبەینێ ‘ئەمڕۆ’ بەتەواوی جیاواز بێت، ئەو کاتەش دڵخۆش دەبم.
چەکی نهێنی؛ پشتیوانیی بەکۆمەڵ بۆ یامال
فلیک نەیشاردەوە کە لامین یامال یەکێکە لە کلیلە سەرەکییەکانی سەرکەوتن، بەڵام جەختی لەسەر کاری بەکۆمەڵ کردەوە بۆ سەرخستنی تیپەکە
لامین لە یارییەکانی رابردوودا ئاستێکی نایابی پێشکەش کردووە. ئەوەی لێی داوا دەکەم ئەوەیە کە سوود لەو خاڵە بەهێزەی وەربگرێت کە ئێستا لە جیهاندا باشترینە تێیدا، ئەویش بڕینی یاریزانە لە دۆخی یەک بەرامبەر یەکدا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئێمەش وەکوو تیم هاوکاری بکەین و بژاردەی پاسدانی پێ بدەین، یاریکردن وەکوو یەکەیەکی یەکگرتوو گرنگترین شتە بۆ یارییەکەی سبەینێ.



