ئەمریکای باکوور/باشوورئەوروپائیسپانیائینگلتەراخولەکانی دیکه‌

بێلسای لیدز ناچارە بە باسی گواردیۆلای بارسا ئینگلیزەکان هێور بکاتەوە

یاریگانێت-

* دەلاقەیەک بۆ بیرۆکەیەک لەسەر بنەڕەتی چیرۆکەکە:
ماوەی چەند ڕۆژێکە بابەتێک لە نێوەندە وەرزشییەکانی ئینگلتەرا لە ئارادایە و نزیکەی تەواوی میدیاکانی ئەو وڵاتەی پێوە سەرقاڵ بووە.

هەوێنی بابەتەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێش چەند ڕۆژێک لە یاری نێوان لیدز یونیاتدی پلەی یەکەم لە ڕیزبەندی خولی پلە یەکی ئینگلیز بە ڕاهێنەرایەتی مارسێلۆ بێلسا و دێربی کاونتی پلەی شەشەم بە ڕاهێنەرایەتی فرانک لامپارد، کە لە بەرژەوندی بێلسا و کوڕانی 2-0 کۆتایی هات. لایەنی لیدز بەوە تۆمەتبار دەکران کە سیخوڕییان بەسەر مەشقەکانی دێربی کاونتیەوە کردبێت و خەڵکیان ناردبێت دزە بکات بۆ بینینی پلانەکانیان. بۆ ئەمەش پۆلیسی دێربیشایەر و یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە هێنرانە سەر خەت و لە ڕووداوەکە ئاگەدار کرانەوە تا بزانن ئەو کەسە کێ بووە هەلی قۆستۆتەوە و چاودێری پلانەکانی لامپارد بکات بۆ یاریەکە.

بۆ نەهێشتنەوەی هەر گومانێک، دوێنێ بێلسای ئەرژەنتینی هەموو بەرپرسیارێتیەکی خستە ئەستۆی خۆی و لە میدیاکاندا دانی نا بەوەی کە ئەو بووە هەستاوە بە ناردنی یەک لە ستافەکانی و بەو ئەرکەی ڕاسپاردووە. وتیشی پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەم لەگەڵ لامپارد کردووە و پێی وتووم گوایە ڕێزی یاساکانی یاری خاوێنم نەگرتووە!

“بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەم پاساو بدۆزمەوە، من هەمان شتم کردووە هەر لەو کاتەوەی کە ڕاهێنەری ئەرژەنتین بووم لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال.” بێلسا بۆ سکای سپۆرتس وای گوت. دووپاتیشی کردەوە کە ئەوەی لە ڕابردوودا لەگەڵ هەموو ڕکابەرەکاندا کردووە.

لای خۆشیەوە لامپارد ئەو پاساوەی بەهەند وەرنەگرت و گوتی: “بۆ ئاستی کەسێکی وەرزشیی، ئەوە شتێکی خراپە. ئەگەر دەربارەی ئەوە قسە بکەین بڵێین “من لە شوێنی تریش هەمان شتم کردووە” لای من ئەو قسەیە ناخواتەوە. چونکە من گەر بمەوێت هێندە بە شانسبم شتی باش ئەنجام بدەم، ئەوە ڕوو بکەمە هەر وڵاتێک دەبێت بزانم ئەتەکیەتی ئەو وڵاتە چۆنە و پەیڕوی بکەم.”

لای خۆشیەوە، پۆچێتینهۆی ڕاهێنەری تۆتنهام، کە یاریزانی ژێر دەستی بێلسا بووە لە یانەکانی نیوێڵز ئۆڵد بۆیز و ئیسپانیۆل و هەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لەهەمبەر ئەم مشتومڕە قسەی خۆی هاویشتە بابەتەکە و بە ڕای ڕاهێنەرەکەی سپێرس “ئەمە مەسەلەیەکی گەورە نییە” جەختیشی کردەوە کە لە وڵاتەکەیاندا چاودێریکردنی  ڕاهێنانی ڕکابەرەکان بەشێوەیەکی ئاسایی پەیڕوە دەکرێت، نەک تەنها مارسێلۆ بەڵکوو ئەوە بۆ زیاتر لە 30 ساڵە لە ئەرژەنتین دەکرێت.

(وێنەی بێلسا و سێ لە یاریزانەکانی ئەرژەنتین، ناوەڕاستیان پۆچێتینۆیە)

* بۆ شۆردنەوەی ئەو پەڵەیەی ئێستا لە ئینگلتەرا بە بێلساوە نووساوە، ناچارە چیرۆکێک بگێڕێتەوە:

مادام مەسەلەکە گەشتە کلتوور و ئەتەکیەتی وڵاتان، ڕاهێنەرەکە بە ئەزموون و لێزانینی خۆی پەنا دەباتە بەر گێڕانەوەی چیرۆکێکی نێوان خۆی و پیپ گواردیۆلا، سەروەختی ڕاهێنەرایەتیان لە ئەتڵەتیکۆ بیڵباو و بارسێلۆنا 2012 لە بۆنەی یاری کۆتایی جامی شا.

بێلسا دوێنێ دیسان لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئەو سەرگوزەشتەی خۆی دەگێڕێتەوە کە سەرباری شکستەکەیان بەرامبەر بارسا 3-0 دوای یارییەکە شتێکئ وەک دیاریی ناردبووە بۆ گواردیۆلا، بە ڕادەیەک کە پیپی شۆک کردووە.
“با ئێستا ئەم چیرۆکەتان بۆ باس بکەم… کاتێک هێشتا ڕاهێنەری ئەتڵەتیک بیڵباو بووم، لە یاری کۆتایی جامی شا بە سێ گۆڵی خاوێن بارسا شکستی پێ هێناین. ئەوان زۆر میهرەبان بوون لەگەڵماندا، چونکە دوای گۆڵی سێهەم، ئیتر وازیان لێ هێناین. من زۆر خەفەتبار بووم بەو شکستە. هەر دوای یارییەکە هەموو پلان و ڕوونکردنەوەکانی پێش یاریەکەم نارد بۆ گواردیۆلا وەک دیارییەک بۆی و نیشاندانی سەرسامیی خۆم بە پیپ.”  ئەویش وەڵامی دامەوە و پێی وتم: “خۆ تۆ لە من زیاتر بارسا دەناسیت!”

ڕاهێنەرە بە ئەزموونەکە ددان بەوەشدا دەنێت کە هەموو ئەو کارە قورسانەی هیچی لێ سەوز نەبوو: “هیچی سوودی نەبوو، چونکە سێ گۆڵیان لێ کردین. بەڵام من ئەوەم کرد و پلان و تەکتیکەکانیشم نارد بۆ گواردیۆلا (تا بزانێت پێشوەختە یارییەکەم باش خوێندۆتەوە، ئەگەرچی سێ گۆڵیشتان لێکردین” تا هیچ نەبێت بیرکردنەوەم باشبێت و باش هەست بکەم لە بارەی خۆمەوە. ئێستا بۆم دەردەکەوێت کە هەموو شتیش بزانیت دەربارەی یارییەک، مەرج نییە ئەوە ئۆتۆماتیکی سەرکەوتنت بۆ مسۆگەر بکات.”

– تۆ بڵێی بەم چیرۆکەشەوە ئینگلیزەکان هەر کۆڵ نەدەن و وازی لێ نەهێنن؟

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button
Close