ئیسپانیا

مارسێلۆ: دوو ساڵ پێش ئێستا گرێبەستم لەگەڵ یوڤێنتوس واژۆ کرد!

یاریگا- لە “ڕاستەوخۆ”یەکدا لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە کە دوێنێ ەگەڵ فابیۆ کەنەڤارۆ ئاخفت، مارسێلۆی یاریزانی باڵی چەپی ڕیاڵ مەدرید چەند قسەیەکی کرد و میدیا جیهانییەکان قۆستیانەوە.

لەو گفتوگۆکەیاندا یاریزانە بەڕازیلییەکە سەبارەت بە دەنگۆیەکانی چوونی لە ڕیاڵ مەدرید قسەی کرد و گوتی: “من نامەوێت لە ڕیاڵ دەرچم، پێشم وانیە ڕیاڵ بهێڵێت من بڕۆم. لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە، ئاستی زۆر باشم پێشکەش کردووە، کاتێکی زۆرە کە من لێرەم، ئەوەش چیرۆکێکی باوەڕ پێنەکراوە.”

ناوبراو سەبارەت بە گرنگیدانی یوڤێنتووس بە تواناکانی و بۆ ئەوەی دوانە سەرسامەکەرەکەی ڕیاڵ مارسێلۆ-کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیان لێ پێک بهێننەوە، گوتی: “ئەوە شتێکی باشە کە یانەکانیتر گرنگیم پێ دەدەن، بەڵام هیچ لە بارەی بایەخی یوڤیەوە نازانم.”

بە گاڵتەوە وتیشی: “دوو ساڵ پێش ئێستا بە شێوەی کردارەکی گرێبەستم لەگەڵ یوڤیدا واژۆ کرد، درێسەکەیانیشم پۆشی، چونکە نەمدەتوانی بەبێ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بژیم. بە ڕاستی خەڵک چیرۆکگەلێکی وا دروست دەکەن!”

مارسێلۆی تەمەن 31 ساڵ، لە فلۆمینێنسی بەڕازیلەوە ڕووی کردە قەڵای سپی و لە ماوەی ئەو 13 ساڵەی پۆشینی درێسی شاهانەکان، بە هەموو نازناوە ناوخۆی و کیشوەریی و جیهانییەکان گەشتووو.

بابەتی زیاتر

Back to top button