دێکۆ لەبارەی گواستنەوەی ویڵیامس و بەڕێکردنی تێرشتیگن هەڵوێستی بارسێلۆنای ئاشکراکرد
باسی پلان و جموجۆڵەکانی ئەم هاوینەی یانەکەیان دەکات

یاریگا –
دێکۆ لەبارەی گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامس و بەڕێکردنی تێرشتیگن هەڵوێستی بارسێلۆنای ئاشکراکرد و پلانەکانی ئەم هاوینەی بلاوگرانای بۆ گواستنەوەی یاریزانان راگەیاند.
دێکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی La Vanguardiaـی ئیسپانی باسی جموجۆڵەکانی ئەم هاوینەی یانە کەتەلۆنییەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەکات. دێکۆ لەبارەی گرێبەستکردنیان لەگەڵ خوان گارسیا کە ئەو گۆڵپارێزە بووە یەکەم گرێبەستی ئەم هاوینەی یانە کەتەلۆنییەکە، دەڵێت :’تۆ سەیر بکە لیڤەرپوول خاوەنی گۆڵپارێزێکی وەکو ئەلیسنە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 32 ساڵ گرێبەست لەگەڵ مامارداشڤیلی 24 ساڵان دەکات، چونکە دەبێت هەمیشە تۆ بیر لە داهاتووش بکەیتەوە، ئێمە وەرزی رابردوو دوای پێکانی تێرشتیگن تەنیا خاوەنی ئینیاکی پینیا بووین، بۆیە هەستمان کرد لەم هاوینە پێویستە گارسیا بگوازینەوە، ئەگینا لەدەستمان دەچوو، دەچووە یانەیەکی دیکە، هەرچەندە گواستنەوەی گۆڵپارێز کاری لەپێشینەی ئەم هاوینەمان نەبوو، بەڵام دۆخەکە وابوو’.
OJO!! PRIMERA VEZ que este año lo reconoce públicamente. Deco sobre Nico: “Si es posible vamos a intentar” en @LaVanguardia #mercato pic.twitter.com/YN103ZYOq8
— Gerard Romero (@gerardromero) June 22, 2025
لەبارەی چارەنووسی شتیگنیش، دێکۆ دەڵێت :’هیچ یاریزانێک لە بارسێلۆنا لەسەر یاریزانێکی دیکە پەسندتر ناکرێت، بەڵکو هەمووان وەکو یەکن و کەس گەرەنتی سەرەکیبوونی پێنادرێت، بەڵکو راهێنەر بڕیار دەدات، من پێویست ناکات لەگەڵ شتیگن گفتوگۆ بکەم، ئەوە ئیشی راهێنەرە، ئەگەر هەر یاریزانێک بیەوێت لە یانەکەمان بڕوات ئەستەمە بتوانین رێگری لێبکەین، بەڵام ئێمە گۆڵپارێزێکی لاومان گواستووەتەوە، لەوانەیە سبەی یاریی بکات، یانیش ساڵێک یان دوو ساڵی دیکە یاریی بکات’.
هەروەها دێکۆ لەبارەی دۆخی ئێستای شتیگن، دەشڵێت :’من رێزێکی زۆرم بۆ شتیگن هەیە، بەڵام دەبووایە بۆ داهاتوومان و ئێستامان ئەم بڕیار بدەین، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەستی راهێنەردایە، چێزنی گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە و لەگەڵمان بەردەوام دەبێت، راستە دەبینە خاوەنی چوار گۆڵپارێز چونکە پێنیاشمان هەیە، بەڵام لەکاتی پێویست بڕیاری گونجاو دەدەین’.
بەڕێوەبەری وەرزشی بارسا لەبارەی پلانەکانیان بۆ مێرکاتۆی ئەم هاوینە دەڵێت :’پێویستمان بە گواستنەوەی یاریزانێکی باڵەکانە، ئێستا ئێمە تەنیا رافینیا و یامالمان هەیە، فێران تۆرێس وردە ودە خەریکە دەبێتە هێرشبەری سەرەڕم، دەتوانێت ببێتە شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکی، بۆیە کاتێک رافینیا و یامال بەردەست نابن، ئێمە لە باڵەکان تووشی کێشە دەبین، بەڵام پێویستە لە رووی نرخ و ئاستەوە هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکانی بەردەستمان بکەین’.
لەبارەی گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامس، دێکۆ دەشڵێت :’هەر یاریزانێک بیەوێت بێتە بارسێلۆنا دەبێت سەرەتا بڕوای بە پڕۆژەکەمان هەبێت، وەرزی رابردوو نەمانتوانی گرێبەستی نیکۆ تەواو بکەین، چونکە کاری لەپێشینەمان گواستنەوەی دانی ئۆڵمۆ بوو، ئێستا ویڵیامس یەکێکە لەو یاریزانانەی بە ئاشکرا دەیەوێت بێتە بارسێلۆنا، بێگومان ئەگەر دۆخەکە گونجاو بێت هەوڵ دەدەین گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەین و بیگوازینەوە’.
دەمانەوێت یاریزانێکی باڵەکان بگوازینەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ویڵیامس لەگفتوگۆداین، چێزنی دەمێنێتەوە و ئاراوخۆ نافرۆشین، بەڵام ئانسو فاتی دەڕوات و بەربەستی بۆ دروست ناکەین.
دێکۆ لەبارەی گواستنەوەی ویڵیامس دەشڵێت :’گرنگترین شت ئەوەیە، نیکۆ ویڵیامس و لویس دیاز دەیانەوێت پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکەن و تێنووی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی نازناوەکانن، ئێمە لە هاوینی رابردووەوە دەمانەوێت نیکۆ بگوازینەوە، چونکە لەلامان گرنگە یاریزانەکان لە ژووری جلگۆڕین پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبێت، نیکۆ و یامالیش پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە، ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی نیکۆ کۆبووینەوە و دەزانین ئەو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چەندە، با بزانین دەتوانین گرێبەستەکەی تەواو بکەین یان نا، دەبێت سەرەتا لەگەڵ یانەکەی گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین یاریزانەکە دەفرۆشێت، یان دەبێت نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەین’.
لەبارەی فرۆشتنی یاریزانەکانش، دێکۆ دەڵێت :’بێگومان ئانسو فاتی تەمەنی بچووکە و دەیەوێت یاریی بکات، بۆیە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات و ئێمە بەردەستی لە بەردەم دروست ناکەین، مۆناکۆ داوای فاتی کردووە و دەیەوێت بە خواستن بیگوازێتەوە، هیوادارین ناچار نەبین یاریزانە گرنگەکانمان بفرۆشین، ئێمە پلانی فرۆشتنی رۆناڵد ئاراوخۆمان نییە و ئەو یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان، بە درێژایی وەرزی رابردوو رەخنەیەکی زۆر نادادپەروەرانەی لێ دەگیرا، ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە ترۆپکی ئاستی’.