فلیک بۆ یارییەکەی ئینتەر رووبەڕووی کیشەیەکی گەورە دەبێتەوە

یاریگا –
هانزی فلیک، لە هەڵبژاردنی پێکهاتەی تیپەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە.
بە باش یان خراپ، تۆپی پێ هەرگیز ناوەستێت و ئەوەش مانای وایە یاریزانانی بارسێلۆنا ناتوانن چێژ لە سەرکەوتنە مێژووییەکەییان لە کۆتای جامی شای ئیسپانیا لە لا کارتوخا وەربگرن بەو رادەیەی کە پێویستیان پێیە. دوای یارییەکی 120 خولەکی و ئاهەنگی یاریازانان تا بەرەبەیان، یاریی ئیتەرمیلان دێت و هانزی فلیک دەبێت لەمڕۆوە بیر لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەی بکاتەوە.
حەوت یاریزان چاوەڕوان دەکرێت لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، رۆژی چوارشەممە زیاتر لە 100 خولەک یاریی بکەن، ئەوانیش کۆندێ، کۆبارسی، ئینیگۆ مارتینێز، پێدری، لامین یامال، رافینیا و فێران تۆرێس. لەڕاستیدا لە یارییەکەی جامی شا کە 120 خولەکی خایاند تەنیا پێدری و تۆرێس گۆڕانکارییان پێکرا. پێدری 20 خولەک پشووی هەبوو، تۆرێس تەنیا پێنج خولەک پشووی وەرگرت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە زۆرەی کە بارسێلۆنا لەم ماوەیەدا تووشی بووە، شەش یاری لە 18 رۆژی رابردوودا، ئەزموونی درێژخایەنی یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا فشاری زیاتری لەسەر یاریزانەکان دروستکردووە. کێشەکە لەوەدایە کە کات بۆ پشوو وەرگرتن نامێنێت، چونکە بارسا دەبێت تاوەکوو سێ هەفتەیدیکەش هەر یاریی بکات. تەنیا هەشت یاری ماوە بۆ بردنەوەی سێ یانە، بەڵام ماندوێتی لە یاریزنەکان بەدیار کەوتووە.
بەر لە یەکەم یاری بەرامبەر ئینتەر، پێویستە راهێنەرە ئەڵمانییەکە هاوسەنگییەکی دروست بدۆزێتەوە و ئاسان نابێت چونکە دەبێت هۆکاری جیاواز لەبەرچاو بگرێت. لە لایەکەوە فلیک پێویستی بە یاریزانی تازە هەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەگەڵ تیپێکی وەک ئینتەرمیلان بکات کە بە توانا تاکتیکییەکانی ناسراوە. جگە لەوەش نەبوونی مارک کاسادۆ و ئەلیخاندرۆ باڵدی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی مانای وایە پێکهاتەکە لە خاڵێکی گرنگ نزیک دەبێتەوە، بۆیە دەبێت ستافی راهێنەرایەتی کەمترین مەترسی پێکان بۆ ئەو یاریزانانە دروست بکەن کە لەژێر فشارێکی زۆردان.
بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە یاری بەرامبەر تیپەکەی ئینزاگی هاوشێوەی یاری کۆتاییە، بۆیە پێناچێت کاتێکی گونجاو بێت بۆ پشوو دان بە هەندێک لە ئەستێرەکانی. بلاوگرانا تەنیا 180 خولەک دوورە بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی لە میونشن و هەمووان لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا دەزانن کاتی ئەوە هاتووە فشار دروست بکەن. یارییەکەی بەرامبەر ڤایادۆلید کە لە نێوان دوو یاری بەرامبەر ئینتەرمیلاندا دێت، رەنگە دەرفەتێک بۆ پشوودانی هەندێک یاریزانی سەرەکی بڕەخسێنێت، بەڵام پێناچێت ئەم چوارشەممەیە پشوو وەرگرتن هەبێت.
تاکە گومانەکان لەسەر پێکهاتەی ئەگەری بارسێلۆنا پەیوەندی بە بەرگریکاری چەپ و هێرشبەری ناوەڕاستەوە هەیە. کۆبارسی و ئینیگۆ مارتینێز 120 خولەکی تەواو بەرامبەر ریال یارییان کرد، بەڵام ئاستە نایابەکەیان لەگەڵ متمانەی تەواوی راهێنەری ئەڵمانی بە هەردوو یاریزانەکە، ئەوە دەردەخات کە جارێکی دیکە بەرامبەر یانە ئیتاڵییەکە ئامادە ببنەوە.
ئاراوخۆ وەک بژاردەیەکی ئەگەری دەمێنێتەوە، هەرچەندە ئەوە بە مانای گۆڕینی ڤیکتۆر دێت و مارتینێز بگوازرێتەوە بۆ بەرگریکاری چەپ، ئەمەش شتێکە کە یاریزانە باسکییەکە لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا لە لاکارتۆخا ئەنجامیدا. بەگشتی ئەگەری زۆرترین سیناریۆ ئەوەیە کە جێرارد مارتن لە پێکهاتەی سەرەکیدا بمێنێتەوە و فلیک لە هێڵی بەرگریدا پێکهاتەکەی دووبارە بکاتەوە.
لە هێڵی ناوەڕاستیش پێدەچێت پێدری و دی یۆنگ بگۆڕدرێن. گاڤی بژاردەیەکی جێگرەوەیە، بەڵام پێناچێت ئەستێرە هۆڵەندییەکەی بارسا لەسەر کورسی یەدەگەوە دەستپێبکات. لەوانەیە گۆڕانکاری لە پێگەی هێرشبەری هێڵی ناوەڕاستدا هەبێت. دەکرێت فێرمین لۆپێز بچێتە شوێنی دانی ئۆلمۆ، کە دەبێتە چەک بۆ گێمی دووەم و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە جەستەییانەی کە بەدرێژایی وەرز بەرۆکی گرتووە.
ماوەتەوە بزانین فلیک دوای قسەکردن لەگەڵ یاریزانەکە چ بڕیارێک دەدات بۆ هەڵسەنگاندنی باری جەستەیی و بزانن چۆن هەستی پێدەکات، چونکە بەم دواییە لە پێکان چاکبووەتەوە و لە ماوەی چوار رۆژدا دووجار لە پێکهاتەی سەرەکی بووە.
لە هێڵی هێرشبریشدا، یامال و رافینیا شانبەشانی تۆرێس یاری دەکەن کە بەردەوامە لە ئاستە درەوشاوەکەی و فشارە زۆرەکانی یاری بەرامبەر ئینتەرمیلان وا دەکات بە کردەوە مەحاڵ بێت کە هیچ کامیان لەسەر کورسی یەدەگ دابنشبن.