
یاریگا –
یانەی دهۆک لە رێگای پڕۆژەیەکەوە داوا دەکات هەرێمی کوردستان بۆیەکەمجار لە مێژوودا میوانداریی جامی کەنداو بکات.
شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’کاتێک سەرۆک بارزانی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو پێشوازیی لە شاندی یانەکەمان کرد، دکتۆر عەبدوڵا جەلال سەرۆکی یانەکەمان پڕۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان میوانداریی جامی کەنداو بکات’.
هەروەها گوتیشی :’یانەی دهۆک پڕۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کردووە، بۆ ئەوەی لە رێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای میوانداریکردنی جامی کەنداو بکرێت و لە داهاتوودا ئەو پاڵەوانێتییە لە هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە زۆر گونجاون بۆ ئەوەی میوانداریی ئەم پاڵەوانێتییە بکەن’.
یانەی دهۆک بۆیەکەمجار وەکو یانەیەکی عێراقی بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی کرد و لە یەکەم بەشداریکردنی نازناوەکەی بەدەستهێنا و لە یاریی کۆتایی لە قادسیەی کوێتی بردەوە، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە پیرمام لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشوازییان لێکرا.
جامی کەنداو لەوەتەی ساڵی 1970 بە بەشداریی هەڵبژاردەی وڵاتانی کەنداو بەڕێوە دەچێت، عێراق دوو جار میوانداریی ئەم پاڵەوانێتییەی کردووە، ساڵی 1979 لە بەغدا بەڕێوەچوو، ساڵی 2023 لە بەسرە بەڕێوەچوو، شێرەکانی رافیدەین هەردوو جار نازناوەکەیان بەدەستهێنا. جامی کەنداو دوو ساڵ جارێک بە بەشداریی هەڵبژاردەکانی عێراق، سعوودیە، کوێت، بەحرەین، عومان، قەتەر، ئیمارات و یەمەن بەڕێوە دەچێت، وەشانی رابردوو لە کوێت بەڕێوەچوو بەحرەین نازناوەکەی بەدەستهێنا و وابڕیارە وەشانی داهاتووش ساڵی 2027 لە سعوودیە بکرێت.