بووەتە وەستای تەلەڤزیۆن و باخەوان؛ ژیانی رۆبینیۆ لە زیندان چۆنە؟
مانگانە خێزانەکەی تەنیا یەکجار بۆیان هەیە سەردانی بکەن

یاریگا –
رۆبینیۆ لە زیندان رۆژ و شەوی خستووەتە سەر یەک بۆ ئەوەی لە زیندان رزگار بکرێت، هەرچی کارێک لەدەستی بێت و پێی بکرێت دەیکات، بۆ ئەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی کەم بکرێتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا دۆخی ئێستای رۆبینیۆ ئەستێرەی بەڕازیلی پێشووی ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی و ئەیسی میلانی بڵاوکردووەتەوە، کە بەهۆی ساخبوونەوەی تۆمەتی لاقەکردنی کچێکی ئەلبانی لە ساڵی 2013 لە یانەیەکی شەوانەی ئیتاڵیا، لە بەڕازیل زیندانی کراوە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، رۆبینیۆ (41 ساڵان) لە زیندان هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی کەم بکرێتەوە، کە بەگوێرەی یاسای بەڕازیل هەر کەسێک رۆژێک لە ماوەی زیندانیکردنەکەی کەم دەکرێتەوە ئەگەر 12 کاتژمێر کار بکات و خزمەتی گشتی بکات.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، رۆبینیۆ لە ژوورێکی 8 مەتر چوارگۆشە لەگەڵ زیندانییەکی دیکە دەژی، رۆبینیۆ ساڵێکە لە زیندانە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە، بەردەوام خۆی سەرقاڵ دەکات و بێدەنگە و تێکەڵی کەس نابێت.
مارکا ئاشکرایکردووە، رۆبینیۆ کە دادگا بڕیاریداوە نۆ ساڵ زیندانی بکرێت، بەشداریی خولێکی پیشەیی ئەلیکترۆنی کردووە بۆ ئەوەی فێری چاککردنەوەی تەلەڤزیۆن و رادیۆ بێت، ئێستا لەو زیندانەی زیاتر لە دوو هەزار و 500 زیندانی تێدایە، بووەتە وەستای چاککردنەوەی تەلەڤزیۆن و رادیۆ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بووەتە باخەوان و رۆژانە نەمام لە باخچەکانی زیندانەکەیان دەچێنێت.
رۆبینیۆ بەس بۆ ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی کەم بێتەوە، بەشداریی سەرجەم خولە مەدەنییەکانی زیندان دەکات و هەموو کارێک دەکات، تەنانەت بەشداریی خولێکی خوێندنەوەی کتێبیشی کردووە.
رۆبینیۆ بەهۆی قورسی تاوانەکەی تاوەکو ئێستا بە کەفالەتیش رێگای پێنادرێت لە بۆنەکان بە کاتی زیندان بەجێبهێڵێت، لەکاتێکدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵ 11 رۆژ زۆربەی زیندانییەکان ئازاد کران بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانیان کات بەسەر بەرن.
رۆبینیۆ مانگانە رێگای پێدەدرێت خێزانەکەی یەک جار سەردانی بکەن، کە رۆبینیۆ جونیۆری کوڕی سەردانی دەکات و خواردنی بۆ دەبات، کە ئەو کوڕە 17 ساڵانەی لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلی یاریی دەکات و دەیەوێت شوێنپێی باوکی هەڵبگرێت.