
یاریگا –
دوای ماڵئاوایی خەمناک لە چامپیۆنزلیگ و دوورکەوتنەوە لە بارسێلۆنا بە جیاوازی نۆ خاڵ، وا دەبینرێت وەرزی ریال مەدرید کۆتایی هاتووە.
رۆژنامەی ئاس ـی نزیک لە ریال مەدرید، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە هێشتا چوار هۆکاری بەهێز ماون بۆ ئەوەی کوڕانی ئاربێلوا تاوەکوو کۆتایی بجەنگن.
ئێمباپێ و پاراستنی پیچیچی
کیلیان ئێمباپێ کە ماوەی هەشت یارییە لە لالیگا گۆڵی نەکردوە، ئێستا تەنیا بە دوو گۆڵ لە پێش موریکی هێرشبەری مایۆرکاوەیە. بۆ ئێمباپێ گرنگە ئەم خەڵاتە لە یەکەم وەرزیدا بەدەستبهێنێت و هەوڵبدات ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە 44 گۆڵ بۆ شکاندنی ریکۆردی خۆی.
کۆرتوا و خەڵاتی زامۆرا
تیبو کۆرتوا سەرەڕای پێکانەکانی، هێشتا بەربژێری سەرەکییە بۆ خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز. ئەو لە 28 یارییدا 24 گۆڵی لێکراوە، بەڵام رکابەرێکی سەختی هەیە بە ناوی خوان گارسیا لە بارسێلۆنا. ئەگەر کۆرتوا و ئێمباپێ هەردوو خەڵاتەکە ببەنەوە، دەبێتە یەکەمجار لە دوای ساڵی 1988ـەوە ریال مەدرید هەردوو خەڵاتەکە پێکەوە بباتەوە.
کلاسیکۆ و کێشەی رێڕەوی رێزلێنان
مەترسییەکی گەورە لەسەر مەدرید هەیە؛ ئەگەر پێش یاری 10ـی ئایار خاڵ لەدەستبدەن، بارسێلۆنا دەتوانێت لە یاریی کلاسیکۆدا ببێتە پاڵەوان. ئامانجی مێرێنگی ئەوەیە لانیکەم یارییەکە یەکسان بکات یان بیباتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لە ئاهەنگی بارسێلۆنا لەبەردەمیاندا، هەروەها بۆ ئەوەی ناچار نەبن رێڕەوی رێزلێنان ‘Pasillo’ بۆ یاریزانانی فلیک دروست بکەن.
سەروەریی لە کلاسیکۆدا
ریال مەدرید دەیەوێت لەم وەرزەدا هەردوو یاریی چوون و هاتنی کلاسیکۆ بباتەوە، ئەمەش دەبێتە سێیەمجار لە ماوەی 40 ساڵدا کە ریال مەدرید بتوانێت لە یەک وەرزدا دووجار لە بارسێلۆنا بباتەوە.



