
یاریگا –
لە دەرکەوتنێکی نوێ و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی لۆریەس لە شاری مەدرید، تۆنی کرووس، ئەفسانەی پێشووی هێڵی ناوەندی ریال مەدرید، بە وتارێکی کاریگەر سەرنجی میدیاکانی راکێشا.
کرووس تیشک دەخاتە سەر ژیانی تایبەتی دوای وازهێنانی، خۆشەویستییە قووڵەکەی بۆ پایتەختی ئیسپانیا، و ئەو پەیامە مرۆییانەی کە دەیەوێت بیگەیەنێتە جیهان.

وازهێنانێکی نموونەیی
زۆرێک لە هاندەران پرسیاری ئەوە دەکەن ئەندازیارەکەی پێشووی مێرێنگی بیری چیمەنی سەوزی یاریگاکان دەکات یان نا؛ کاتێک ئەو پرسیارەی ئاراستە کرا، کرووس بە راشکاوییە هەمیشەییەکەی خۆیەوە وەڵامی دایەوە و گوتی؛
نەخێر، بە ڕاستی نەخێر، چونکە پێم وانییە هەرگیز گەیشتبێتمە ئەو ئاستەی بیری لێ بکەمەوە، چونکە رێک بەو شێوەیە وازم هێنا کە خۆم دەمویست. بەم شێوەیە دەتوانیت بۆ هەمیشە ئەو لاپەڕەیە دابخەیت، ئەگەر بیر لە گەڕانەوە بکەمەوە کە بێگومان ئێستا زۆر درەنگە بەڵام پێشتریش هەمیشە دەمگوت ئەستەمە بتوانم لەمە بە شێوازێکی باشتر کۆتایی بە کاروانەکەم بهێنم، هەر شتێک دوای ئەوە بێت، بە دڵنیاییەوە خراپتر دەبێت. بۆیە نەخێر، هیچ شتێک نییە لە ژیانمدا پاڵنەری دیکەی خۆم هەیە و ئێستا زۆر لە جاران سەرقاڵترم. وەکوو یاریزان، ژیانێکی زۆر شاهانەت هەیە، دەکرێت بڵێین وایە، بەڵام من پڕۆژەی دیکەم هەیە کە دەبنە پاڵنەر بۆم.

مەدرید؛ ئەو ماڵەی شوێنی بە میونشن لێژ کرد
کرووس لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە بەهای خەڵاتەکەی و ئامادەبوونی لە شاری مەدرید کرد، گەڕایەوە بۆ 12 ساڵ پێش ئێستا کاتێک بڕیارێکی قورسی دا؛
گرتنی ئەم خەڵاتە لێرە، بە تایبەت لە مەدرید، مانایەکی زۆر دەبەخشێت، چونکە کاتێک نزیکەی 12 ساڵ لەمەوبەر لە میونشنەوە هاتمە ئێرە، نەمدەزانی چی چاوەڕێم دەکات، مەبەستم ئەوەیە کارێکی ئاسان نەبوو، هێشتا زۆر گەنج بووم کە وڵاتەکەم جێهێشت، لەگەڵ خێزانێکی بچووک کە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان گەورەتر بوو، بەڵام دەتوانم بڵێم نەک تەنیا بەهۆی ئەوەی لە ناو یاریگادا روویدا و ئەو نازناوانەی بردماننەوە، بەڵکوو بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم لێرە ماڵێکی نوێم دۆزییەوە، تەنانەت ئێستا کە دوو ساڵە کاروانی وەرزشییم کۆتایی پێ هێناوە، هێشتا لێرە دەژیم و هیچ پلانێکی دیکەشم نییە بۆ داهاتوو، بۆیە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە لە مەدرید، کە ئێستا بە ماڵی خۆمی دەزانم، شتێکی یەکجار تایبەتە، سێیەم، پێم وایە گرنگترین هۆکار ئەوەیە کە، ئەم خەڵاتە تەنیا بەهۆی ئەوەوە وەرناگرم کە لە ناو یاریگادا کردوومە، شتی گەورە روویاندا، بەڕاستی بەختەوەر بووم، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە باشترین تیمی جیهاندا یاریم کرد، پێم وایە نازناوەکان ئەمە دەسەلمێنن.

پەیامێک بۆ مرۆڤایەتی لە سەرووی نازناوەکانەوە
بە لای کرووسەوە، ئەوەی لە دەرەوەی یاریگا روودەدات گرنگترە لە دەسکەوتەکانی ناو یاریگا و وەرزشوانانی وەکوو جۆکۆڤیچی بە نموونە هێنایەوە و باسی لە رۆڵی ئەستێرەکان کرد لەم سەردەمەدا؛
گرنگ ئەوەیە کە لە دەرەوەی یاریگا چی روودەدات، پێم وایە زۆر گرنگە ئەم بەهایانە پێشان بدەین، بێگومان دوا کەسم کە وتارێکی سیاسی دەدەم، یان شتی وا، من لەو پێگەیەدا نیم، بەڵام دەبینین کە جیهان بەرەو شێواوی دەچێت، و لێرە زۆر کەس هەن کە خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵگەیەکی گەورەن، ئەگەر ئێمە پێکەوە بوەستین بۆ بەها دروستەکان، بۆ ئاشتی و رێز دەتوانین دەستکەوتی گەورەمان هەبێت، چونکە ناتوانین کۆنترۆڵی شتەکانی دیکە بکەین، بەڵام دەتوانین کۆنترۆڵی خۆمان بکەین، دەبێت هەوڵ بدەین ببینە نموونەیەکی باش، ئەفسانەمان لێرە هەیە؛ مەبەستم ئەوەیە ئەو هێشتا یاریی دەکات، شتێکی شێتانەیە، بەڵام هەر ئەفسانەیە، یانیک، کارلۆسمان هەیە کە هیوادارم بۆ 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، پێم وایە ئەگەر ئەم نەوە جیاوازانە یەکبخەین، بەها دروستەکان پێشان بدەین، دەتوانین هەنگاوێکی گەورەبەرەو پێشەوە بنێین.



