
یاریگا –
رافینیا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی بارسێلۆنا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆماریۆ وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت بەرەبەیانی چوارشەممە هەڵبژاردەی بەڕازیل رووبەرووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ببێتەوە، لە میانی پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە جامی جیهانی 2026ی كیشوەری ئەمریكای باشوور.
لە وەشانێكی چامپیۆنزلیگدا زۆرترین گۆڵت وەک یاریزانێكی بەڕازیلی كردووە؟
لە راستیدا نەمدەزانی گەیشتوومەتە ئەو ژمارەیە، تاوەكو پێیان گوتم، بۆ منیش جێگای سەرسوڕمان بوو. بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین یاریزانی بە توانا لە ئەوروپا یاریی لەو پاڵەوانیەتیەدا دەكەن، گەیشتن بەو ژمارەیە بۆ من سوپڕایزێكی گەورە بوو. بەڵام لە هەمان كاتدا دڵخۆشم كە توانیم بگەمە ئەو ژمارەیە، ئەمەش واتە كارەكە بە باشی بەرەو پێشەوە دەچێت.
چێژ لە ژیانكردن لە بارسێلۆنا وەردەگریت؟
بێگومان زۆر، ئەوەندە سەرسوڕهێنەرە ناتوانم باسی بكەم.
كاتێک یاریی نییە كاتەكانت بە چی بەسەر دەبەیت؟
كاتێک یاریی نییە، حەزدەكەم بچمە كەنار دەریا یاخود شاخەكان، حەزدەكەم لە رۆتینی ژیان دووربكەومەوە، ئەگەر كەش و هەوا خۆشبێت ئەوا كەنار دەریا بژاردەی یەكەمی منە.
ئایا هەرگیز بردنەوەی باڵۆن دۆر لە بیرتدا بووە؟
سروشتییە بۆ من وا بیربکەمەوە و ئەگەر بە پێچەوانەوە پێت بڵێم، درۆ دەکەم. بەڵام هەوڵدەدەم ئەوە بخەمە لایەک و سەرنجم لەسەر ئامانجە کەسییەکانم بێت لە ژیانی وەرزشیمدا، جا چ لە رووی گۆڵكردنەوە بێت، یان ئەسیست، یاخود بردنەوەی نازناوەکان. پێم وایە ئەگەر تا کۆتایی وەرز هەموو ئەو ئامانجانەی کە لە دەفتەرەکەمدا نووسیومە بەدی بهێنم، ئەگەری بردنەوەی خەڵاتە تاکەکەسییەكان زۆر بەرز دەبێت.
بەڵام پێم خۆش نییە زۆر سەرنجم لەسەر خەڵاتی باڵۆن دۆر یان هەر خەڵاتێکی تاکەکەسی دیكە بێت، چونکە بیرکردنەوەیەکی زۆر لێی دەتوانێت ببێتە سەرقاڵکردن. ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە گۆڵ بکەم ، هەل دروست بکەم، نازناو بەدەست بهێنم و چێژ لە یاریکردن وەربگرم.
لە بارسێلۆنا كێ باشترین هاوڕێتە؟
لامین یامال.
نمونەی باڵات كێیە؟
نێیمار و رۆناڵدینیۆ.
بردنەوەی چامپیۆنزلیگ یاخود جامی جیهانی؟
هەردووكیان.
گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەكەیت؟
بەڵێ.
لەم وەرزەدا رافینیا لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداری لە 42 یاریی كردووە، توانیویەتی 27 گۆڵ بكات و 20 گۆڵیش درووست بكات.