
یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، پێش دوایین یاریی خۆی لەسەر کورسیی یانەکە بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا، بە فەرمی دەرگای بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە داهاتوودا بە کراوەیی هێشتەوە.
گواردیۆلای تەمەن 55 ساڵ دووپاتیکردەوە کە ئێستا چاوەڕێی کۆتاییهاتنی وەرز دەکات تەنیا بۆ ئەوەی پشوو بدات و کات لەگەڵ خێزانەکەیدا بەسەرببات، چونکە دوای 17 بۆ 18 ساڵ کارکردنی بەردەوام لەگەڵ بارسێلۆنا، بایرن میونشن و مان سیتی، پێویستییەکی زۆری بە دابڕان و پشوودان هەیە.
کاتێکیش لەبارەی ئەگەری رەتکردنەوەی پۆستی راهێنەرایەتی ئینگلتەرا پرسیاری لێکرا، پێپ بە راشکاوی رایگەیاند کە هێشتا هیچ پلانێکی بنبڕی بۆ داهاتوو نییە، بەڵام ئەمە بە واتای نەخێر نایەت.

هاوکات لەگەڵ جێهێشتنی پۆستەکەی، گواردیۆلا وەکوو باڵیۆزی فەرمی کۆمەڵەی دایک بۆ یانەکانی مانچستەر سیتی دەستنیشان کرا، ئەمەش بۆ پاراستنی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ یانەکەدا.
پێپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرگری لە متمانەی خۆی بە کارگێڕیی مانچێستەر سیتی کردەوە لەبەرامبەر ئەو 115 تۆمەتە داراییەی کە لەلایەن خولی نایابی ئینگلیزییەوە ئاراستەی یانەکە کراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هەمیشە متمانەی بە رەفتار و کارەکانی یانەکە هەبووە، چونکە هیچ کام لە کارمەندانی ئێستا و زۆربەی یاریزانەکانیش لەو سەردەمەدا لە یانەکەدا نەبوون کە تۆمەتەکانی تێدا تۆمار کراوە.



