رانیە و پیشەسازی یاریی دەرچوون لە ناوچەی دابەزین دەکەن
زاخۆ لەکاتێکی هەستیار گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە

یاریگا –
رانیە لە یارییەکی بەهێزدا میوانداری پیشەسازی دەکات، براوەی ئەم یارییە پشوویەک لە ریزبەندی وەردەگرێت و لە ناوچەی دابەزین کەمێک دووردەکەوێتەوە.
لە گەڕی 23ـی خولی نایابی کوردستان، دووشەممە ( 17ـی ئاداری 2025 ) رانیه و پیشەسازی لە یاریگای ئازادەرەش لە رانیە رووبەرووی یەکتر دەبنەوە، هەر دوو یانە لە ناوچەی دابەزین نزیکن، رانیە 23 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 13ـەم دێت و پیشەسازیش بە 24 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەم دێت، دارامحەمەد راهێنەری رانیە بەهۆی راگیرانیەوە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی کوردستانەوە ناتوانێ لەم یارییە ئامادەبێت.
زاخۆ بۆ بەردەوامیدان لە کێبڕکێی یەکەمی ریزبەندی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئاکرێ یاریی دەکات، زاخۆ گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە و لە توانای ئەستێرەی تیپەکەی بەیار زەکی بێبەش دەبێت کە بەهۆی پێکانەوە بەرامبەر نەفت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تووشی هات ناتوانێ یاریی بکات، زاخۆ 43 خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەمە و تەنها دووخاڵ لە شێروانەی یەکەمی ریزبەندیەوە دوورە، ئاکرێ پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان ئەم وەرزە بەرزونزمی زۆر لە ئاست و ئەنجامەکانی هەیە، ئاکرێ بە 29 خاڵ له ریزبەندی شەشەمی خولی نایابی کوردستان دێت.
رزگاری لە یاریگای خۆی بەرامبەر هەندرێن یاریی دەکات، هەر دوو یانە لە ئەنجامەکانیان پێچەوانەی یەکترن، رزگاری حەفت یارییە لە خولەکە سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە، دوای گەڕی رابردوو بەرامبەر پیشەسازی ئەنوەر رەشیدی راهێنەر دەستی لە ئەرکەکەی هەڵگرت بەڵام دەستەی کارگێڕی دەست لەکارکێشانەوەکەیان قبوڵ نەکرد، رزگاری 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەم دێت.
هەندرێن لە شەش یاریی رابردوودا پێنج سەرکەوتن و یەک یەکسان بوونی هەیە و بە ئاست و ئەنجامێکی باش تێپەڕ دەبێت، هەندرێن 29 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولی نایابی کوردستان دێت.