هەموو شتێک بزانە؛ رۆناڵدۆ بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات؟
رۆژنامەنووسێکی سعوودی زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

یاریگا –
دەنگۆکانی بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی یانەکان زیادبوون، بەڵام هیچ شتێک دووپات نەکراوەتەوە.
وەشانی ئەمساڵی مۆندیالی یانەکان، گەورەترینی مێژووە و 32 یانە بەشداری تێدادەکەن، بڕیارە پاڵەوانیەتییەکە لە ناوەڕاستی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
لە چەند مانگی رابردوودا، دەنگۆی جیاواز بۆ بەشداریکردنی رۆناڵدۆ لە پاڵەوانیەتییەکە بڵاوکرانەوە و لەوانە باسی گواستنەوەی رۆناڵدۆ بۆ هیلالی سعوودی دەکرا، بەڵام ستیڤ کالزادا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هیلال زوو دەنگۆکانی رەتکردەوە و بە ‘خەیاڵی زانستی’ وەسفکرد.
لەلایەکی دیکەوە ئەهلی میسڕی وەڵامی دەنگۆکانی گواستنەوەی کاتی رۆناڵدۆی بۆ یانەکەی رەتکردەوە، خالید مورتەجا، ئەندامی دەستەی کارگێڕ یانەکە روونیکردەوە، لەسەر داوای راهێنەر یاریزان دەگوازنەوە و ناکرێ گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکدا بکرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ناوێکی گەورەی هەیە.
عەبدولعەزیز مرێسل، رۆژنامەنووسی سعوودی لە پلاتفۆڕمی ئێکس باسی لە نزیکبوونەوەی رۆناڵدۆ لە بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان کرد، بەبێ ئەوەی ناوی یانەکە ئاشکرا بکات.
مرێسل رەتیکردەوە شێوازی گواستنەوە و بەشداریکردنی رۆناڵدۆ ئاشکرا بکات، ئەمەش دەرگاکانی گومان لەسەر چارەنووسی کریس دەکاتەوە.