هێندەرسن لە دەرگای یانەیەکی ناودارەوە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا

یاریگا –
جۆردان هێندەرسن نایەوێ لە هۆڵەندا خۆری ئاوابێت و نیازی گەڕانەوەی هەیە بۆ ریزی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا.
هێندەرسن کە لە ساڵی 2011-2023 درێسی لیڤەرپوولی پۆشی و کاپتنی یانەکەبوو بۆ بەرزکردنەوەی هەردوو نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ، هاوینی 2023 بە بڕی 12 ملیۆن پاوەند گواسترایەوە یانەی ئیتیفاق بەڵام دوای تەنها شەش مانگ سعودیەی جێێشت و زستانی رابردوو ڕوویکردە ئایاکس.
لە ماوەکانی رابردوودا ناوەڕاستکارە ئینگلیزیەکە گازندەی هەبوو لە کەمی خولەکی یاریکردن لە ریزی یانە هۆڵەندییەکە. ناوبراو لە کۆی 19 یاریی خولی ئەو وڵاتە لە 17 یارییدا بەشداریپێکراوە بە تێکڕا 1,067 خولەک. ئەوەش واتا بە رێژەی کەمتر لە 63 خولەک بۆ هەر یارییەک.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ، یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی نزیکبووەتەوە لە یەکلاکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ هێندەرسن بۆ زیاترکردنی بژاردەکانی هێڵی ناوەڕاست.
رۆمانۆ ئاشکراشی کردووە کە گواستنەوەی هەمیشەیی پێشوەختە رێککەوتنی لەسەرکراوە. گرێبەستەکەشی تا هاوینی 2026 دەخایەنێت. بەم زووانەش دەبێتە فەرمیی.
ئایاکس ئێستا لە یۆرۆپالیگ بەشدارە شەڕی ئەوە دەکات خۆی لە چوارچێوەی ئەو پاڵەوانێتیەدا بهێڵێتەوە. هەرچی یانەی مۆناکۆیە لە چامپیۆنزلیگە و، سەرباری شکستەکەی شەوی رابردوویان 3-0 بەرامبەر ئینتەر میلان، لە پێگەکانی پاشکۆی پاڵەوانێتیەکە ماونەتەوە.