
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق رووبەرووی نەفت دەبێتەوە.
سێ شەممە ( 28ـی کانوونی دووەمی 2025 ) لە گەڕی 17ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای ئەحمەد رازی کاتژمێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆ نەفت میوانداری هەولێر دەکات، نەفت لەم وەرزەدا لە رووی هێرشبەریەوە باش نیە دوای تێپەڕبوونی 16 گەڕ تەنها 12 گۆڵیان تۆمارکردووە، بە پێچەوانەوە دوای یانەی تەڵەبە بەهێزترین هێلی بەرگری هەیە کە تەنها هەشت گۆڵی لێکراوە.
نەفت و هەولێر لە مێژوودا 44 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر 15 یاریی بردۆتەوە لە 15 یارییش یەکسان بوونە و نەفتیش 14 یاریی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەولێر 54 گۆڵی تۆمارکردووە و نەفتیش 51 گۆڵی تۆمارکردووە، یەکەم یاریی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1985 لە یاریگای کەشافە لە بەغدا لە یارییەکانی خولی شیاندنەوەی یانە پلە دووەکانی عێراق بوو بۆ وەرزی 1984 _ 1985 کە نەفت 1 _ 0 لە هەولێری بردەوە و خۆی گەیاندە ریزی خولی پلە یەکی عێراق، دواهەمین یاریی نێوانیشیان لە 12 _ 5 _ 2024 بوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای ئەحمەد رازی هەولێر 1 _ 0 سەرکەوتنی بە دەستهێنا.
کوڕانی قەڵای زەرد بە بارودۆخێکی باشدا تێپەڕدەبن، تایبەت دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە و بە 25 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەم دێن، نەفتیش 24 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 10ـەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.