مارێسکا: راهێنەرایەتیکردنی چێڵسی لەم ساتەدا ‘کارەساتە’
یاریگا –
ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری چێڵسی لە بازاڕی گواستنەوەی ئێستای زستانە ‘بێزارە’ و رایدەگەیەنێت، ‘کارەساتە’ لەم ساتەدا راهێنەری بلووز بیت.
لە پێنج یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا، چێڵسی تەنیا سێ خاڵی کۆکردووەتەوە و ئەمەش هاندەرانی یانەکەی نیگەران کردووە.
لە مێرکاتۆی ئێستای یاریزاناندا، ناوی چەندین یاریزانی چێڵسی بە جێهێشتنی قەڵای ستامفۆرد بریج بەستراوەتەوە. بۆ نموونە؛ رێناتۆ ڤیێگا لەلایەن بۆڕووسیا دۆرتموند داواکراوە، بایرن میونشن بە فەرمی پرسیاری گواستنەوەی کریستۆفەر ئێنکونکوی کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە تۆسین ئادارابیۆیۆ لە برایتن نزیکە.
مارێسکا لەبارەی مێرکاتۆی زستانە دەڵێت
کارەساتە لەم ساتەدا راهێنەری چێڵسی بیت. شتێکی ئاساییە بڕیار لەسەر ئەنجامەکان بدرێت، هەموومان بڕیار لەسەر شتەکان دەدەین. بەڵام ئەگەر بڕیار لەسەر ئاستی تیمەکان بدەین، دڵخۆش دەبم چونکە یاریی دروستدەکەین و یارییەکی باش دەکەین.
لە یاریگا، بەدڵنیاییەوە دەمەوێت یاریی زیاتر ببەمەوە، بەڵام دوور لە یاریگا، کارەساتە، چونکە دەنگۆی زۆر هەیە و ئەمەش یارمەتی ئێمە نادات. پێم وانییە ئەمجۆرە دۆخە یارمەتی هیچ یانەیەک بدات.
شتێکی ئاسان نییە کە دەنگۆ لەسەر یاریزانێکی تیمەکەت هەبێت، چونکە دەمانەوێت فۆکەسی سەرەکی یاریزانان لەسەر یاریی بێت، لە کۆتاییدا هەموومان مرۆڤین.
چێڵسی دووشەممە رووبەڕووی وۆڵڤز دەبێتەوە، گومان لەسەر بەشداریکردنی هەریەکە لە کۆڵ پاڵمەر، لێڤی کۆڵوڵ، ئێنزۆ فێرناندێز و رۆمیۆ لاڤیا هەیە.