یاریگا –
هیران ئازاد دوای چارەسەرکردنی کێشەکەی لەگەڵ یانەکەی، گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکانی قوە جەوییە.
سەرچاوەیەک لە یانەی قوە جەوییە بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، هیران ئازاد کە لەسەر وەرگرتنی پشووەکانی سەری ساڵ لەگەڵ یانەی قوە جەوییە ناکۆک بوو، بەبێ رەزامەندیی یانەکەی گەشتی کردبوو، لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر زەوڕا ئامادە نەبوو، ئەمڕۆ شەممە (5ـی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2025) گەڕایەوە بەغدا و دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەکەی، ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکانی جەوییە.
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرایکردبوو، هیران ئازاد پێداگیری لەسەر ئەوە کردبوو بۆ پشووەکانی سەری ساڵ گەشت بکات، بەڵام لوئەی سەڵاح راهێنەری قوە جەوییە مۆڵەتی پێنەدابوو، بۆیە ناکۆکی لە نێوان هیران و لوئەی دروستببوو، ئەو یاریزانە کوردە بەبێ ئاگاداری یانەکەی گەشتی کردبوو بەغدای بەجێهێشتبوو.
هیران ئازاد ساڵی 2000 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و هاوینی 2023 لە یانەی سیونی سویسڕییەوە پەیوەندی بە دهۆک کرد و بۆ ماوەی وەرزێک درێسی هەڵۆیەکانی چیای پۆشی، پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراوە و دوو یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین کردووە.