ئیسپانیا

“بارسا وا لێک هەڵدەوەشێتەوە و ڤاڵڤێردیش دادەنێشت تەماشا دەکات!”

یاریگا- ڕیڤاڵدۆی ئەفسانەی بارسێلۆناش لەسەر دۆخی ئێستای یانەکە و ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی هاتە دەنگ و بە توندی ڕەخنەی لە ڕاهێنەرەکە گرت.

ڕەخنە زەقەکانی ڕیڤاڵدۆ دوای کرانە دەرەوە دراماتیکیەکەی بلاوگرانا هات لە جامی سوپەری ئیسپانی بەرامبەر ئەتڵەتیکۆ مەدرید، ئەو بۆ Befair ڕوونی کردۆتەوە و دەڵێت: “بارسێلۆنا نابێت بەردەوامبێت ئاوا لە یارییە گەورەکاندا خەوی لێ بکەوێت. شتێکی زۆر نائومێدکەرە کە بەو شێوەیە کۆنترۆڵی یاریەکە بکەیت و دواتر لە کۆتاییدا هەموو شت وەرگەڕێ، بەرامبەر یانەیەکی وا بەهێز، یانەیەک ڕاهێنەرەکەی یەکێکی سیمیۆنی بێت. ئێل چۆلۆ ڕاهێنەرێکی ئێجگار بە جۆشوخرۆشە. بەردەوام هاوار دەکاتە سەر یاریزانەکانیدا، دەیانبزوێنێت و هانیان دەدات کە زیاتر پێشکەش بکەن. ئەمە ڕەنگە ڕێک ئەو شتە بێت کە لە ئێستادا بارسێلۆنا نیەتی.”

ئەفسانە بەڕازیلییەکەی بارسا لە بارەی خودی ڤاڵڤێردیەوە زیاتر دەڵێت: “من دڵنیام ئەم دۆڕاندنە هیچ کۆمەک بە ڤاڵڤێردی ناکات. هەمان شکستەکانی ئەم دوایانەی چامپیۆنزلیگی بیرخستمەوە. ئەرکەکەی لە ئێستادا لەسەر هێڵە. ڕەنگە یانەکە پێش کۆتاییهاتنی وەرزە دەستبەرداری ببێت. چونکە یانەیەکی وەک بارسا نابێت بەردەوام بەو شێوەیە بدۆڕێت و زۆریش خەمساردانە. بەشێک لە کاری ڕاهێنەر بریتیە لەوەی لە کاتی یاریدا وردبێتەوە لەوەی کام شتە کار ناکات، چارەی بکات. دڵنیاش بێتەوە لەوەی یاریزانەکان دەزانن گرفتەکان چین. ئەگەر تەنها لەوێ دابنیشێت و بە بەرچاویەوە وا هەمووی دادەڕوخێت، ڕکابەرەکانیش ئەو هەلە دەقۆسنەوە کە یارییەکە بگۆڕن و تووشی حەپەسانت بکەن.”

دوای ئەو دۆرانەیان بەرامبەر ڕۆخی بلانکۆس 3-2، لە ئێستادا ئەگەری لابردنی ڤاڵڤێردی و هێنانی ژاڤی هێرناندز بەهێزترین دەنگۆیە و دەنگوباسیش هەیە بارسا بە ئاشکرا ژاڤیان لە قەتەرەوە بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپاردووە و چاوەڕێی وەڵامن.

بابەتی زیاتر

Back to top button