کێ رێگرە لە بەردەم پرۆسەی گواستنەوەی گاراناچۆ بۆ بارسێلۆنا؟
یاریگا –
بارسێلۆنا دەیەوێ یاریزانێک بۆ پێگەی باڵی چەپی یاریگا بگوازێتەوە و بۆ ئەو نیازەشیان دەنگۆی گرنگیدانیان بە ئالیخاندرۆ گارناچۆ هەبوو.
یاریزانە ئەرجەنتینیەکە، بەپێچەوامەی ئێریک تێن هاخ، لەژێر سەرپەرشتی روبن ئامۆریم وەک بژاردەی سەرەکیی مامەڵەی لەگەڵ ناگرێت و تەنانەت بۆ یارییەکی گرنگی وەک دێری مانچێستەریش دووریخستەوە.
هەرچی بارسایە، دەیانەوێ بە هێنانی ئەستێرەیەک بۆ لای چەپ، هاوشێوەی لای راست کە لامین یامالی لێیە، دوو باڵی کاریگەریان هەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەی بەناوبانگی El Nacionalی ئیسپانی، خودی هانزی فلیک رێگرە لەبەردەم گواستنەوەی گارناچۆ.
سەرچاوەکە هۆکاری گرنگینەدانی فلیکی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە راهێنەرە ئەڵمانیەکە پێی وانییە یاریزانە ئەرجەنتینیەکە لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندابێت بۆ ئەو پێگەیە.
بارسا لەو پێگەیە یاریزانی جیاواز بەکاردەهێنێت. دەنگۆ هەیە فێران تۆرێس بفرۆشێت. هەر بۆیە گواستنەوەی ئەستێرەیەک بۆ باڵی چەپ چاوەڕوانکراوە، لەبارێکدا ئەگەر ئاستەنگ و رێساکانی یوێفا رێگە بدات. بەوپێیەی تەنانەت دانی ئۆلمۆش کە هاوین گواستیانەوە ریزەکانیان، مەترسی ئەوەی لەسەرە لە گواستنەوەکانی زستان بەناجاری بفرۆشرێت بەهۆی ئەو کێشانەی باسکران.
بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەکانی تا ئێستا، پێناچێت فلیک رای لەسەر گارناچۆ بگۆڕێت. یاریزانە 20 ساڵانەکە لە 16 بەشداری ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ خاوەنی 3 گۆڵ و ئەسێستێکە. لە یۆرۆپالیگیش لە 6 یاریدا تەنها گۆڵێکی هەیە.