بەدواداچوونی یاریگا؛ شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی یۆکێرێش لەنێو یاریزانانی خولی نایابی کوردستان بەربڵاوترینە
بۆچی زۆربەی یاریزانانی خولی نایابی کوردستان لاسایی هێرشبەرە سویدییەکە دەکەنەوە؟
یاریگا –
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا شێوازی ئاهەنگگێڕانی ڤیکتۆر یۆکێرێش هێرشبەری سویدی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن لە خولی نایابی کوردستان بەربڵاوترین شێوازی ئاهەنگگێڕانە، زۆرترین یاریزانی خولەکە لاسایی هێرشبەرە سویدییەکە دەکەنەوە.
هەریەکە لە مستەفا نەجیب (چوارقوڕنە)، یوسف ئەحمەد (زاخۆ)، رێبوار نەجمەدین (برایەتی)، خۆگر کامەران (رانیە)، محەمەد مستەفا (هەندرێن)، ئەیاد دیاری (سیروانی نوێ)، مستەفا سیروان (پیشەسازی)، شەوکەت محەمەد (شەقڵاوە)، یوسف وریا (هەولێر)، بەڵێن فایەق (چوارقوڕنە)، محەمەد ئەمین (رزگاری) لەسەر شێوازی ڤیکتۆر یۆکێرێش هێرشبەری سویدی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن ئاهەنگ دەگێڕن، ئەو یاریزانانە لەکاتی وێنەگرتنی ئەڵبوومی ئەم وەرزەیان کە تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ سەرجەم یاریزانانی یانەکانی خولەکەی کردووە، شێوازی ئاهەنگگێڕانیان ئاشکراکرد.
ڤیکتۆر یۆکێرێش وەرزی رابردوو لە خولی نایابی پۆرتوگاڵ هەر گۆڵێکی کردبا، بە هەردوو دەستی هێمای بۆ ماسک دەکرد، بەڵێنی دا ئەگەر نازناوی خولەکە ببەنەوە نهێنی ئاهەنگگێڕانەکەی ئاشکرا بکات، دوای ئەوەی نازناوی خولەکەیان بردەوە، یۆکێرێش گوتەیەکی بەناوبانگی بەین کارەکتەری کۆمیکی باتمانی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد لە ئاهەنگگێڕانەکەی لاسایی ماسکەکەی بەین دەکاتەوە.
ئەوکات یۆکێرێش لە پۆستێکی ئینستاگرام نووسیبووی :’کەس گرنگی پێنەدەدام، تاوەکو ماسکەکەم بەستا’.
View this post on Instagram
تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ دووەم وەرز لەسەریەک فۆتۆشووتی بۆ سەرجەم یاریزانانی یانەکانی کوردستان کرد و وەکو خزمەتگوزارییەکی تایبەت بۆ سۆشیاڵ میدیا و ئەپلیکەیشن ئەڵبوومی وێنەی بۆ یاریزانەکانی یانەکانی کوردستان کرد.